مەحموود محەمەد: داوایان لە سەرۆک بارزانی کردووە ڕۆڵ ببینێت... زێباری وەک بەربژێری پارتی دەمێنێتەوە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەرۆک بارزانی ئەم دەستپێشخەرییەی بۆیە ئەنجام دا تاوەکوو گرژیی لە نێوان لایەنەکان دروست نەبێت، جەختیش دەکاتەوە، ھۆشیار زێباری وەک بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەمێنێتەوە و ناکشێتەوە.
لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی و سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ نەجەف، مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕاگەیاند: "ئەو بابەتە دەمێکە لەسەر مێزی گفتوگۆیە لە نێوان سەرۆک بارزانی و لایەنەکانی شیعی و سوننی، لە ھەموو سەردانەکانی چ لە لایەنەکانی سوننە کردوویانە، چ لایەنەکانی شیعە لە چوارچێوەی ھەماھەنگیدا بۆ ھەولێر کردوویانە، ئەمەش بۆ ئەوەی سەرۆک کێشەکان چارەسەر بکات، ھەروەھا ھەندێک لایەنی دیکەی عێراقییش ئەم داواکارییەیان ھەبوو، لە کۆبوونەوەی ١٥ ڕۆژ پێش ئێستای مەکتەبی سیاسیی پارتیدا زۆر بەوردی باسی لێوە کرا، لەوێدا بڕیارێک درا کە ئەگەر پێویست بکات بە شێوازێک بەرەو پیلی بچین کە تەئسیری ھەبێت، ئەم کێشەیە کێشەی نێوخۆی ماڵی شیعەیە لە ١٠ی١٠ی ساڵی ٢٠٢١ مەجالیان ھەبوو چارەسەری بکەن، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستا چارەسەر نەکراوە و بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە و سەرۆک بارزانییش ئەم دەستپێشخەرییەی ئەنجام دا کە بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی سەردانی نەجەف بکات و گرژی لە نێوان لایەنەکان دروست نەبێت، بۆ ئەوەی ھەرچی زووە ئەو حکوومەتەی قەرارە دروست بێت، پێک بھێنرێت".
مەحموود محەمەد ئاماژە بەوەش دەکات: "ئەوەی کە ھەیە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی داوا دەکەن کە بەشدار بن لە حکوومەت بەبێ مەرج و بەبێ ئەوەی ھیچ ڤیتۆیەک سەبارەت بە ھیچ کەس، یان لایەنێک ھەبێت، دیارە کە چوارچێوەی ھەماھەنگی ڤیتۆی خۆی ڕاگەیاندووە کە دەکرێ چوارچێوە (ایتار) بێتە ناو حکوومەت، بەڵام بەبێ مالیکی، ئەوەی کە ھەیە ئێستا پێویستە باس بکرێت چۆن سیغەیەک بدۆزرێتەوە کە ھەردوولا ڕازی ببن، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەمێنێتەوە تا دەگەڕێنەوە تا بزانین تا چەند نزیکبوونەوە ھەبووە، چونکە ئەم دەستپێشخەرییە قەرار بوو، زووتر ئەنجام بدرێت، بەڵام لە دوای ئەوەی قەرار بوو، ھادی عامری، موقتەدا سەدر ببینێت دیار بوو نەیانتوانی، بۆیە ئەم کۆبوونەوەیە کەوتە ئێستا".
گوتەبژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەڵێت: "ئەوەی تاوەکوو ئێستا ئێمە بڕیارمان لەسەر داوە ھەر ئەوەیە کە کاک ھۆشیار زێباری وەک بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پشکی کوردستان بۆ سەرۆککۆماری بەربژێر بکرێت و ھیچ شتێکیش لەبارەی کشانەوەی نییە".
لەبارەی سەردانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ھەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، گوتەبێژی پارتی گوتی: "قائانی دەمێکە لە بەغدایە و چەندین جاریش ھاتووەتە ھەولێر و سەردانی سەرۆک بارزانیی کردووە، داوایان لە سەرۆک بارزانی کردووە ڕۆڵ ببینێت بەھۆی ئەو ڕێزەی لە سەرتاسەری عێراق لێی دەگرن بۆ ئەوەی بتوانێت کێشەکانی نێو ماڵی شیعە چارەسەر بکات، ھەروەھا بەرپرسی مەلەفی عێراقیشی لەگەڵ بووە کە ناوی داناییفەر".
ھەر سەبارەت بە یەکخستنەوەی نێوماڵی شیعە، مەحموود محەمەد دەڵێت: "لەم قۆناغەدا بەرژەوەندی لەوەدایە کە ھەم سووننە و ھەم شیعە و ھەم کورد یەکڕیز بن و پێکەوە ئەم وڵاتە بەڕێوە بەرن، چونکە ھەرسێ لا بەرپرسیاریێتی گرنگی نیشتمانییان ھەیە و لەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە چارەسەر بکرێت، بۆیە سەرۆک بارزانی پێی باش بووە کە نێوماڵی شیعە ڕێک بخرێت، عێراق پێویستی بەم ھەموو شەڕ و گرژی و نەبوونی خزمەتگوزارییە نییە".
پەیوەست بە دوای سەردانەکەی بۆ نەجەف، ئایا نێچیرڤان بارزانی سەردانی ھیچ لایەنێک دەکات، بۆ نموونە لەنێوخۆی ھەرێمی کوردستان نیازی نییە سەردانی یەکێتی بکات، مەحموود محەمەد، لە وەڵامدا دەڵێت: "تاوەکوو ئێستا ھیچ بەرنامەیەک دانەنراوە و دەمێنێتەوە سەر ئەوەی گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەو بابەتە، لە مەکتەبی سیاسییش ھیچ بەرنامەیەکی کۆبوونەوەمان نییە".
ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی چووە نەجەف بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ھاوکات شاندێکی سوننەکانیش کە پێک ھاتبوو لە محەمەد حەلبووسی و خەمیس جەنجەر چوونە نەجەف و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆ بوونەوە.
ھەڵکەوت محەمەد




