٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ بەشارەتی: ئیدریس بارزانی ئومێدی بۆ شۆڕشگێرانی عێراقی و كوردستانی دەگەڕاندەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە -KDP.info - ئەمڕۆ ساڵڕۆژی كۆچی دواییی سەركردەی كورد و شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی کورد، ئیدریس بارزانییە کە سەركردەیەكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و دیپلۆماسی و ڕۆشنبیریی كورد بووە، هاوڕێ خەباتگێڕەكانی باس لە ئاشتیخوزایی ئیدریس بارزانی بۆ ناوماڵی كوردی و سەرسەختی لە بەرامبەر دوژمندا دەكەن.

فازڵ بەشارەتی، پێشمەرگەی سەرەتای شۆڕشی گوڵان و كەسێكی نزیك لە ئیدریس بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەفاتی كاك ئیدریس كەلێنێكی گەورەی لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورددا بەگشتی دروست كرد، كاك ئیدریس پیاوێكی هەڵكەوتەی خەباتی مەیدانیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بوو".

فازڵ بەشارەتی دەڵێ: "لەگەڵ دەستپێكردنەوەی شۆڕشی گوڵان دەتوانین بڵێین كاك ئیدریس زمانی دیپلۆماسییەتی كورد بوو، چرای ڕووناكی هەموو ماڵێكی لێقەوماوی ئاوارە بوو لە ئێران و هەندەران لەسەر شۆڕش و پارتی، پشتیوانی هەموو پێشمەرگە بوو، ڕۆڵێكی گەورەی گێڕا و ئەمەلی بۆ شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانی عێراق و كوردستان گێڕایەوە، ڕۆڵی كاك ئیدریس دەبێت بە ئاوی زێڕ لە لاپەڕەكانی مێژوودا بنووسرێتەوە".

بەشارەتی دەڵێت: "دەبێت لە ڕۆڵی كاك ئیدریس تێ بگەین، ڕۆڵی هەڵسانەوەی شۆڕش و دروستبوونەوەی پێشمەرگە و ئاوەدانكردنەوەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە بوو لە شۆڕشی گوڵان".

بەشارەتی باس لە دیدارێكی خۆی و ئیدریس بارزانی دەكات و دەڵێت: "لە ساڵی ١٩٨٢ لەپاش وەرگرتنی پلەی ئامرکەرتی لەسەر فەرمان و بڕیاری جەنابی کاک ئیدریس بارزانی چوومە خزمەتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ڕاژان، لە وتەیەكدا، بە سێ خاڵ ئامۆژگاریی كردین کە ئەمانە بوون، داواتان لێ دەکەم وەکوو تەمەنی خۆتان بیر لە پارتی و کوردایەتی نەکەنەوە، وەکوو گەورەیی پارتی و زەرووریاتی کورد بیر لە کوردایەتی بکەنەوە و، داوای لێ کردین هەتا پێتان دەکرێت خۆتان لە شەڕی کوردکوشتن بپارێزن".

گوتیشی: "كاك ئیدریس پەروەردەی دەستی بارزانیی نەمر بوو، لە ڕووە كۆمەڵایەتییەکەوە لەگەڵ چین و توێژەكانی كۆمەڵگا ژیابوو، بەردەوام لەناو خەڵكدا بوو، زۆر بەباشی لە مەناعاتی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو و پێشمەرگە و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان تێ گەیشتبوو، بۆیە كاك ئیدریس دەیتوانی ساڕێژكەری هەموو برینە جۆراوجۆرەكانی ناو كۆمەڵگای كوردی بێت، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و دەسپێكردنەوەی شۆڕشی گوڵاندا".

زیاتر گوتی: "هەموو نەیارەكانی كورد تێ گەیشتبوون کە ناتوانن فێڵ لە كاك ئیدریس بكەن، چونكە پیاوێكی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بوو، زۆرباش دەیتوانی خوێندنەوە لەسەر نیەتی هەموو ئەو سەركردە كوردی و غەیرە كوردیانە بکات، یەكێك لە ڕۆڵەكانی كاك ئیدریس و سەركەوتنی بوون، تێگەیشتنی بوو لە بەرامبەرەكانی خۆی لەو ڕوانگەوە دەیتوانی ببێتە قودوەیەكی سەركەوتوو لەناو پڕۆسەی سیاسیی سەردەمی شاخ و خەباتی سیاسیی كورد سەختترین خەبات بووە، سەختترین ژیانی هەبوو لەناو ژیانی هەموو سەركردەیەكی شۆڕشگێڕدا".

دەربارەی پێوەندیی دیپلۆماسیی ئیدریس بارزانی، بەشارەتی گوتی: "پێشبینییەكانی كاك ئیدریس ئومێدی بە بەرامبەرەكەی دەدا و نموونە بەوە دەهێنێتەوە، پێش سەركەوتنی ڕاپەڕێنی گەلانی ئێران ئیدریس بارزانی لە پاریس سەردانی ئیمام خومەینی دەكات و گفتوگۆی پاش دەسەڵاتی شای لەگەڵ دەكات، بەرنامەی ژیانێكی نوێی شۆڕشگێڕی لە كوردستانی باشوور دەكات، دیپلۆماسیەتی كاك ئیدریس لە ئاستێكدا بوو لەبری ئەوەی كاك ئیدریس داوای دیدار و چاوپێكەوتنی سەركردە باڵاكانی دنیا بكات، زۆربەی سەركردەكانی وڵاتانی دنیا پێشنیاری دیداریان لەگەڵ كاك ئیدریس دەكرد، زەرووریاتی كورد زۆر مابوو بە كاك ئیدریس و كۆچی دواییی كاك ئیدریس ئاسایی نەبوو، كاتی ئەو كۆچە نەبوو، بەڵام ڕێبوارانی ڕێگای كاك ئیدریس کە پەروەردەی دەستی ئەون توانییان ئیدامە بە ڕێگاكەی بدەن و كورد گەیشتووەتە ئەم دۆخە کە كیانێكی هەیە و دنیا پێشوازیی لێ دەكات.

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار