فازڵ میرانی: نێچیرڤان بارزانی چووە تا نێوماڵی شیعە یەکبخات
__2022_01_31_h15m27s0__ER.jpg)
پیرمام-KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، ئەمڕۆ لە عێراق ھەمووان چاویان لە سەرۆک بارزانییە و کلیلی چارەسەری کێشەکانی عێراق لە دەستی ئەودایە. باس لەوەش دەکات، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی چووە نەجەف بۆئەوەی نێوماڵی شیعە یەکبخات، بەڵام دەبێت خۆشمان پێکبێینەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە پیرمام لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانیدا، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد، لە سەرەتادا فازڵ میرانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی لە یەکخستنی لایەنە عێراقییەکان کرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ دیسان چاوی ھەموویان لە سەرۆک مەسعود بارزانییە، ئێستا ئەو دەبێت لە عێراق کلیلی دەرگاکان بکاتەوە".
فازڵ میرانی ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی بۆ نەجەف و کۆبوونەوەی لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر کرد و گوتی: "ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی چووە نەجەف و ئینشاڵڵا بە سەلامەتی و سەرکەوتوویی بێتەوە، ئێمە لەگەڵ جیابوونەوەی برا شیعەکان و سوننەکانیش نین، سوننەکانمان پێکھێنان، بەڵام باشە خۆشمان پێکبێینەوە، چونکە ناکرێت دکتۆر چارەسەری نەخۆش بکات و خۆشی نەخۆش بێت، نەخۆشیی کوردیش دەبێت ئێمە چارەسەری بکەین".
لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ نەجەف، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی: "ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی کاک نێچیرڤان چووە نەجەف بۆ ئەوەی پرسی نێو ماڵی شیعە چارەسەر بکات".
فازڵ میرانی گوتی، ئەگەر ئەم ھەوڵە سەرکەوتوو بوو، ئەوا کارێکی زۆر باشە، بەڵام ئەگەریش رازی نەبوو، ئەو کاتە چوارچێوەی ھاوئاھەنگی دەزانن کە سەرۆک بارزانی ھەوڵی تەواوی داو نێچیرڤان بارزانی ناردە لای موقتەدا سەدر بۆ ئەوەی نێو ماڵی شیعە یەکبخات، ھاوکات سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بە دۆخی سیاسیی ئێستای عێراقیش کرد و گوتی، عێراق سەقامگیر بێت بۆ ئێمە باشە.
ھەڵکەوت محەمەد




