" پێویستە لەم چەند ڕۆژەدا پرسی کۆمسیۆن یەکلایی بکرێتەوە"

ھەولێر-KDP.info- ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان گوتی، داوا کراوە لایەنەکان دواین ڕا و بۆچوونی خۆیان لەبارەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی کێشەی کۆمسیۆن چارەسەر بکرێت، چونکە کاتی کەم لەبەردەست ماوە و پێویستە لەم چەند ڕۆژەدا یەکلایی بکرێتەوە و پارتییش بۆ ھەر پێشنیارێک ئامادەی گفتوگۆکردنە.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''داوا لە ھەموو لایەنەکان کراوە دواین ڕا و تێبینی و پێشناری خۆیان پێشکەش بکەن لەبارەی کۆمسیۆن و لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بۆچوونی خۆیان ھێناوە، بەڵام تا ئێستا بابەتی کۆمسیۆن چارەسەر نەبووە و پێویستە چارەسەر بکرێت، چونکە کۆمسیۆن نەبێت ھەڵبژاردن ناکرێت.''
خەدیجە عومەر گوتیشی: ''ھەمووان بۆچوونی خۆیان داوە، بەڵام بۆچوونەکان جیاوازن و ئێمەش وەکوو پارتی لاریمان لە بۆچوونەکان نییە و بۆچوونی ئەوان لە یەک دوورە و وەکوو یەک نییە و پێویستە ھەوڵ بدرێت دواین بۆچوونی خۆیان پێشکەش بکەن، ئایا دادوەری سەربەخۆ کۆمسیۆن بەرێوە ببەن، یاخود ھەر شێوەیەکی دیکە بێت، گفتوگۆی لەسەر دەکەین.''
عومەر ڕوونیشی کردەوە: ''ئێمە داوامان کردووە، کاتی خۆی کۆمسیۆن لەسەر بنەمای ئەو لایەنانە دروست کراوە کە بەشدار بوون لە حکوومەت و پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو و گۆڕان و کۆمەڵ بوون، بەڵام ئێستا جیاوازە لە ڕێژەی کورسی و بەشداریکردنی لایەنەکان لە حکوومەت، بۆیە پێویستە لەسەر ئیستحقاقی ھەڵبژاردن لە ٢٠١٨ بێت و ھەڵبژاردنیش لە کاتی خۆی بەڕێوە بچێت، چونکە کات نەماوە و پێویستە لەم چەند ڕۆژەدا پرسی کۆمسیۆن یەکلایی بکرێتەوە، بۆیە ھەر پێشنیارێک بینن، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکەین، بۆ ئەوەی کێشەی کۆمسیۆن چارەسەر بکرێت و لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، چونکە کۆمسیۆن شەش مانگی بۆ ھەڵبژاردن پێویستە.''
بڵند ئیبراھیم




