٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

په‌یامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ساڵیادی كۆچی دوایی كاك ئیدریس بارزانی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٣٥ ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر کۆچی دوایی کاک ئیدریس بارزانیی هه‌میشه‌ زیندوو، کە لە ئاوارەیی گیانی پاکی سپارد و گەیشتە ڕیزی نەمران، کاک ئیدریس وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ى گه‌له‌كه‌مان، هەموو ژیان و تەمەنی خۆی بۆ بەرگریکردن لە خاك و وڵات و نەتەوەکەی ته‌رخان كرد.

سەرۆک بارزانی و كاك ئیدریس بارزانیی برای، بەیەکەوە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول جارێکی دیکە ئاگرى خه‌باتی كوردایه‌تییان هه‌ڵایسانده‌وه‌ و گیانی بەرگری و قارەمانییەتییان بە زیندوویی ھێشتەوە و هیوایان بۆ گه‌ل و نیشتیمان گێڕایەوە.

كاك ئیدریسى جوانه‌مه‌رگ، هەمیشە دەرگای واڵا بووە بۆ هەموو نیشتمانپەروەرێک، وه‌ك ئه‌ندازیارى ئاشتی ڕۆڵی گه‌وره‌ى هه‌بووه‌ لە یەکتر نزیکكردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و دامه‌زراندنی به‌ره‌ى كوردستانی، کەسێکی کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر بوو، له‌ بواره‌كانی سیاسه‌ت و پێشمه‌رگایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕۆڵی پێشه‌نگ و گه‌وره‌ و به‌رچاوی هه‌بووه‌.

لە ساڵیادی ژیانئاوایی كاك ئیدریس بارزانی-دا هەموومان له‌سه‌ر ڕێبازی كوردپه‌روه‌رانه‌ی ئەو، هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی دەسکەوتە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانمان و ده‌سته‌به‌ركردنی یەکڕیزی و ئاشتەوایی و یەکتر قبووڵکردن بدەین.

هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكی كاكه‌ ئیدریسى هه‌میشه‌ زیندوو و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاریى كورد و كوردستان.

 

د. هێمن هه‌ورامی 

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان

 

هەواڵی پەیوەندیدار