٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شوکری نێروەیی: ئیدریس بارزانی ھەمیشە گیانی خۆی دەخستە مەترسییەوە بۆ میللەتەکەی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٣١ی كانوونی دووەم، لە سیوپێنجەمین ساڵوەگەڕی مەرگی ناوادەی شەھید ئیدریس بارزانیدا، ھاوڕێیەکی ئیدریس بارزانی ئاشکرای کرد، شەھید ئیدریس ھەمیشە گیانی خۆی دەخستە مەترسییەوە بۆ میللەتەکەی. دەشڵێ، ئیدریس نەیدەھێشت کەس ستەم لە خەڵکی دیکە بکات و زیاتر پشتوپەنای پێشمەرگە و خەڵکی ئاسایی بوو نەک بەرپرسان.

شوکری نێروەیی، ھاوڕێی شەھید ئیدریس بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە ساڵی ١٩٦٣ لە شاری کۆیە بۆ جاری یەکەم بە خزمەت شەھید ئیدریس گەیشتم و دواتر لەنێو شۆڕش پەیوەندیمان ھەبوو، تا گەیشتە ئەوەی بووینە ھاوڕێ، خەبات و زانایی ئیدریس بەشێکی گرینگە لە خەباتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، ھەموو سیفاتی سەرکردەیەکی کارامەی تێدا بوو، بەڵام ئەوەی من پێی سەرسام بووم ئەوە بوو، شەھید ئیدریس زانیاری ھەبووایە کەسێک غەدری لێ کراوە یانیش بە ھەر شێوەیەک پێشمەرگەیەک کادیرێک یان ھاووڵاتییەک ناڕازییە، بەھانایەوە دەچوو و دەھێنایە لای خۆی و نەیدەھێشت ھیچ بەرپرسێک غەدر لە ھیچ کەسێک بکات، زیاتر پشتوپەنای خەڵکی ئاسایی و کادیر و پێشمەرگە بوو".

ئەو ھاوڕێیەی شەھید ئیدریس گوتیشی: "من زۆر سەرکردەم بینیوە و بیستووشمە نەیانویستووە ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و ھەمیشە بەرپرسەکان زیاتر بەوە ناسراون ناچن بۆ شوێنە مەترسیدارەکان ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە، بەڵام شەھید ئیدریس پێچەوانەی ئەوە ھەمیشە ژیانی خۆی دەخستە مەترسییەوە بۆ میللەتەکەی".

نێروەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ساڵی ١٩٧٥ چەند رۆژێک بەر لەوەی شەڕ لە نێوان شۆڕش و حکوومەتی ئەوکاتی عێراق بەرپا بێت، لەبەر خاتری بەرژەوەندیی میللەتی کورد و بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان ئەوکات نەڵێن بارزانیی نەمر ئامادە نەبوو کوڕەکەی رەوانەی بەغدا بکات، شەھید ئیدریس سەردانی بەغدای کرد، ئەوکات ژیانی زۆر لە مەترسیدا بوو و رژێمی ئەوکاتی عێراق پیلانی تیرۆرکردنی شەھید ئیدریسی ھەبوو، کەسمان چاوەڕێی گەڕانەوەی ئیدریسمان نەدەکرد بە زیندوویی بگەڕێتەوە، بەڵام شەھید ئیدریس بە ئازایەتیی خۆی توانی لەو پیلانە رزگاری بێت و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە نێو شۆڕش، ھەر دوو رۆژ دوای گەڕانەوەشی شەڕ دەستی پێکرد".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار