"لە دھۆک دەست بە تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کرا"

دهۆک -KDP.info- بەپێی یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ، پارێزگاری دھۆک ژمارەیەک بڕیار و ڕێنماییی دەرکرد و ژمارەیەک لیژنەش بۆ وەرگرتنی مامەڵەی ھاووڵاتییانی دھۆک پێک ھاتووە و سەرۆکی لیژنەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لە دھۆک دەڵێت، ھەموو ھاووڵاتییەک لەمەودوا پێویستە داواکاری پێشکەش بکات.
شینیوار عەبدولعەزیز، سەرۆکی لیژنەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لەلایەن پارێزگاری دھۆکەوە ٢٢ ڕێنمایی بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەرکرد، ئێستا دەست کراوە بە وەرگرتنی مامەڵەی ھاووڵاتییان بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ، لەبەر ئەوە ھەر ھاووڵاتییەک خانووی زێدەڕۆی ھەبێت، دەتوانێت لە ئێستاوە سەردانی یەکەی ئیداریی سنووری خۆی بکات بۆ پێشکەشکردنی داواکاری.''
سەرۆکی لیژنەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەڵێت: "بەپێی یاسای بە خاوەنداریەتیکردنی خانووی زێدەڕۆ بڕی ئەو پارەیەش دیاری کراوە کە لە کاتی تاپۆکردنی ھەر خانوویەکی زێدەڕۆدا وەردەگیرێت و ماوەی ساڵێکیش دیاری کراوە بۆ وەرگرتنی مامەڵەی ھاووڵاتییان.''
شینوار عەبدولعەزیز ڕوونی کردەوە: "ساڵی ڕابردوو چوار ھەزار مامەڵەی ھاووڵاتییان وەرگیراوە، بەڵام دواتر یاساکە ھەموار کرایەوە، لەبەر ئەوەیش تا ھەموو مامەڵەکان وەرنەگیرێن، ژمارەی دروستی خانووی زێدەڕۆ دیاری ناکرێت، چونکە دوای پێشکەشکردنی داواکاریی ھەر ھاووڵاتییەک لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدارەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.''
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٠٠ ھەزار خانووی زێدەڕۆ ھەیە و ٢٥ ھەزار لەو خانووانە دەکەونە سنووری دھۆک.
قائید میرۆ




