٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحموود عوسمان: ئاساییە سەرۆککۆمار لای پارتی بێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سیاسەتمەدارێکی کورد پێی وایە، کێشە لەوەدا نییە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لای کام لایەنی کوردی بێت و دەڵێت، کاک مەسعود بارزانی ڕۆڵی لە پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا هەیە.

د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێویست بوو کورد بە یەکگرتوویی بچنە بەغدا و لەنێو خۆیاندا یەک کەس کاندید بکەن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، بەڵام ئەگەر ئەوەش نەکراوە، نابێت کێشە لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار لەنێو کورددا دروست بێت و پارتی و یەکێتی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق بە پرۆسەیەکی ئاسایی بزانن.''

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد دەڵێت: ''لە عێراق پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە، بەڵام کێشە نییە لای کام لایەنی سیاسی دەبێت، زۆر ئاساییە بۆ قۆناغی ئێستا سەرۆککۆمار لای پارتی دیموکراتی کورستان بێت و کاندیدی پارتی سەر کەوێت بۆ سەرۆککۆمار، بەڵام ئەوە ناھێنێ بخرێتە ململانێ و ھەر لایەنە و کاندیدی خۆی ھەیە و ھەڵبژاردن دەکرێت، کاندیدی کام لایەن سەر کەوت، ئاساییە.''

لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانیشەوە، د. مەحموود عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''کاک مەسعود ڕۆڵی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هەیە، لەبەر ئەوەش ڕۆڵی لە پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا دەبێت.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار