٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عومەر عوسمان بۆ KDPی، باسی ئه‌و ساته‌ ده‌كات كه‌ ھەواڵه‌كه‌ به‌ سه‌رۆك بارزانی دەگات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ٣٥ ساڵ بەسەر وەفاتی سەرکردەی نەمر ئیدریس بارزانی تێدەپەڕێت و سەرکردەیەکی سەردەمی شۆڕشیش پێی وایە، شەھید ئیدریس بارزانی لە خەباتی شۆڕشگێڕیدا رۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە و دەڵێ، ئیدریس بارزانی سەرکردەیەکی دڵسۆز و پاک بوو، لەبەر ئەوەش کەسانی دڵسۆز و دەستپاکی خۆش دەویست.

عومەر عوسمان، سەرکردەی سەردەمی شۆڕش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەرەتا شەھید ئیدریس بارزانی وەک یاریدەدەری بارزانیی نەمر لەنێو شۆڕش دەستی بە کار کرد، ھەموو ئەرکەکانی بە زیادەوە جێبەجێ دەکرد، گەنجێکی لێھاتوو بوو و خوا ئەو ھێزەی پێ دابوو، کادیر و پێشمەرگەی زۆر خۆش دەویست، بە تایبەتی خۆی حەزی لە کارکردن ھەبوو، لەبەر ئەوەش شەھید ئیدریس بارزانی کەسانی دڵسۆز و ئیشکەر و دەستپاکی خۆش دەویست، لەنێو شۆڕشی ئەیلوول بە شێوەیەک خەباتی دەکرد زۆر لە تەمەنی خۆی گەورەتر دیار بوو لە کارەکانی، ھەتا بە بیرم دێت ئەوکات شانازیی ئەوەم بەرکەوت پێشمەرگە بووم لە داستانی ھەندرێن شەھید ئیدریس سەرپەرشتیی دەکرد، رۆژانە دەیان جار دوژمن فڕۆکەی دەناردە سەر ئەو ناوچەیەی شەھید ئیدریسی تێدا بوو لە گوندی بەرزێوە، ھەتا یەکێک لە پێشمەرگەکان ژماردبووی لە رۆژێکدا ٧٢ فڕۆکەی دوژمن ھاتبووە سەر شوێنی مانەوەی شەھید ئیدریس".

ئەو سەرکردەیەی پارتی دەشڵێت: "ئیدریس کەسێکی پشوودرێژ و سەرکردەیەکی بەئەمەکی رێبازی کوردایەتی و بارزانیی نەمر بوو، لە بەیانی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ شەھید ئیدریس و سەرۆک بارزانی ئەندامی شاندی دانوستانکاری شۆڕش بوون و ماوەیەکی زۆریش لە بەغدا مایەوە، لە بەغداش لە بەیانی تا درەنگانی شەو ھەر سەرقاڵی کوردایەتی و خزمەت بووە و بەردەوام خەڵکی بیانی و عەرەبیش سەردانیان کردووە".

عومەر عوسمان زیاتر لەبارەی شەھید ئیدریسەوە دوا و گوتی: "لە دوای رێککەوتنی خیانەتکارانەی جەزائیر، ئیدریس بارزانی ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ رزگاکردن و خزمەتی ئاوارەکان، لەبیرمە رۆژانە دەھاتە شاری شنۆی رۆژھەڵاتی کوردستان، بۆ ئەوەی پێشوازی لە ئاوارەکانی شۆڕش بکات و رزگاریان بکات لەسەر سنوورەکان".

لەبارەی رۆڵی شەھید ئیدریس بارزانی لە ئاشتەوایی، عومەر عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی شەھید ئیدریس رۆڵێکی سەرەکی و کاریگەری ھەبوو، زۆر جار سەرۆک بارزانی دەیگوت ناتوانم رێز لە بڕیارەکانی بەرەی کوردستانی نەگرم، چونکە ئیمزای ئیدریسی لەسەرە، لەدەستدانی شەھید ئیدریس، زیانی بە دۆزی کورد گەیاند بە گشتی، چونکە ئیدریس پێویست بوو لەنێو شۆڕشدا بێت، وەفاتی شەھید ئیدریس کاریگەری لەسەر ھەموومان ھەبوو، ئەو رۆژەی شەھید ئیدریس ماڵئاوایی لێ کردین، سەرۆک بارزانی لە ناوچە ئازادکراوەکانی ھەرێمی کوردستان بوو، کاتێک ھەواڵی مەرگی ئیدریسی پێ دەگات، سەرۆک فەرمووی، پشتم شکا بە رۆیشتنی ئیدریس".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار