٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زەحمەتكێشان و سۆشیالیست: پارتی چانسی بردنەوەی هەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- هەردوو حزبی زەحمەتكێشان و حزبی سۆشیالیست دەڵێن، دەبوو كاندیدی سەرۆككۆمار لە ناوخۆی كوردستان یەكلا بكرایەتەوە و لە سەرووی هەموو حزبەكانیشەوە پارتی ڕەزامەندی لەسەر بەربژێرەكە بدایە، لە ئێستاشدا كە هیچ ڕێكکەوتن نییە، كاندیدی پارتی چانسی بردنەوەی پۆستەكەی هەیە.

سەعد خالید، جێگری سەرۆكی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ بەهێزیی كورد لە بابەتی پشك و مافە دەستوورییەكان، پێویستە كورد بەیەکەوە بێت لە بەغدا، پۆستی سەرۆككۆماریش بەپێی ئەو شەراكەتەی هەیە، پشكی كوردە و گرنگ ئەوەیە كورد دەڕواتە بەغدا، بەڵام باشتر بوو بە یەك كاندید بڕۆشتاییە، ئەوەش هێز دەداتە ئەو پۆستە، کە نوێنەرایەتیی هەموو كورد بكات".

خالید ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "پۆستی سەرۆككۆمار پشكی كوردە و هی هیچ حزبێك نییە، كەسایەتی جەنابی مام جەلال جیاواز بوو لە كەسایەتی تر، كاتێك مام جەلال لەوێ بوو، نوێنەرایەتیی هەموو لایەنە كوردستانییەكانی دەكرد، دەمانبینی ئەو پۆستە چەندە هەیبەتی بۆ كورد هەبوو".

دەشڵێ: "دەبوو یەكێتی ئەگەر كەسێكی كاندید دەكرد بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، ڕەزامەندیی هەموو لایەنەکانی كوردستانی لەسەر بووایە، دەبێت كەسێك كاندید بكرێت بۆ ئەو پۆستە قبووڵكراوی لایەنە سیاسییەكان بێت، بمانەوێت و نەمانەوێت پارتی دیموكراتی كوردستان لایەنێكی سەرەكییە  لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان لە پرۆسەی سیاسیدا، هەر كەسێكیش سەر بە هەر لایەنێك بێت بڕواتە بەغدا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار، دەبێت ئۆكەی پارتی لەسەر بێت".

هاوکات، مەلا لوقمان پێنجوێنی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیشت دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پۆستی سەرۆككۆمار پشكی كوردە، ڕاستە بەپێی ڕێكکەوتنی پێشوو لە نێوان مام جەلال و كاك مەسعوود، ئەو پۆستە دراوە بە یەكێتی، بەڵام ئەو ڕێكکەوتنە لە نێوانیاندا نەما و هەر حزبە و بەجیا بەشداریی هەڵبژاردنەكانیان كردووە، بۆیە دەبێت ئێستا بەپێی ڕێكەوتنی لایەنە كوردییەكان ڕەزامەند بن لەسەر كاندیدەكە، کە كەسێك بۆ پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت، بە تایبەتی پارتی براوەی یەكەمی كوردستانە بە دەنگ و كورسییەوە".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە پێمان وایە كورد دەبوو بە یەك كاندید بڕۆشتایەتە بەغدا بە ڕێكکەوتنی پارتی و یەكێتی، كاتێك ڕێكەوتن نییە، ئێستا پارتی هۆشیار زێباری كاندیدیەتی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، بەپێی ئەو ڕێكکەوتنەی سوننە و شیعە لەگەڵ پارتی هەیانە، كاندیدەكەی پارتی چانسی بردنەوەی كورسییەكەی هەیە".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار