بەرپرسی لقی پێنجی پارتی: دانوستانەکانمان تا سەرکەوتنی زێباری بەردەوام دەبن

بەغدا-KDP.info- بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، دانوستانەکانی شاندی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە و دەرگامان بۆ ھەموو لایەنێک کراوەیەوە. دەشڵێ: "کاندیدی ئێمە کەسایەتییەکی ناسراو و بەھێزە و چانسێکی زۆر باشی ھەیە بۆ بوون بە سەرۆککۆمار، چونکە جێی رەزامەندیی ھەموو لایەکە" .
شوان محەمەد تەھا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دانوستانەکانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر باش بەڕێوە دەچن و لەگەڵ ھەموو لایەنەکان دانوستان دەکەین، پارتیش دەرگای دانوستانی لەگەڵ ھیچ لایەنێک دانەخستووە و ئێمە کاندیدی خۆمان ھەیە و چانسی زۆر باشە، چونکە کەسایەتییەکی ناسراوە لە عێراق و چەندین دەستکەوتی ھەبووە لە ھەردوو وەزارەتی دارایی و دەرەوە، هەروەها کەسێکی دیپلۆماسی و بەتوانایە لە عێراقدا و جێگەی رەزامەندیی ھەموو لایەنەکانە، بۆیە پێمان وایە چانسی بۆ سەرۆککۆمار زیاترە".
تەھا گوتیشی: "زۆرینە لەگەڵ کاندیدی ئێمەدان و لە عێراقیش کەس نییە تۆمەتی بۆ دروست نەکرێت، بەڵام ھۆشیار زێباری نە لە دادگا و نە لە دەستەی نەزاھە ھیچی لەسەر نییە و دانوستانەکانی ئێمەش تا مسۆگەرترکردنی سەرکەوتنی زێباری، بەردەوام دەبن".
بڵند ئیبراھیم




