٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاشتی کۆچەر: چەکدارانی داعش لە سنووری سووریاوە دزەیان کردووەتە نێو عێراق

سەرچاوە: KDP.info

شنگال -KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەزای شنگال ئاشکرای کرد، چەکدارانی داعش لەنێو سووریاوە دوای شکاندنی زیندانی شاری حەسەکە دزەیان کردووەتە نێو خاکی عێراق و دەڵێت، شکاندنی زیندانی غوێران بە پیلان بووە.

ئاشتی کۆچەر، بەرپرسی لقی ١٧ی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شکاندنی زیندانی غوێران لە حەسەکە و بەرەڵاکردنی سێ ھەزار چەکداری داعش پیلانێکی ھەرێمییە و سیناریۆیە بۆ تێکدانی ڕەوشی عێراق، چونکە ئەستەمە ئەمە ڕووی دابێت و سێ ھەزار تیرۆریست لەنێو زیندانێکدا بن و لەژێر چاودێری و ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا زیندانەکە بشکێنن و بە ھەزاران تیرۆریست بەرەڵا بکرێن.''

بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "زانیاریی وردمان ھەیە ژمارەیەک لەو داعشانەی زیندانی حەسەکە دزەیان کردووەتە نێو خاکی عێراق و لە سنووری بەعاج و بلێجەوە ھاتوونەتە نێو عێراق، ئەمەش مەترسییەکی زۆر گەورەیە لەسەر ڕەوشی ئەمنیی عێراق و زیادبوونی جووڵەی داعش.''

ئاشتی کۆچەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "چەکدارانی داعش ماوەیەکە لە ھەندێ ناوچە دەستیان بە جووڵە کردووە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە داعش بەشێکی زۆری چەکدارانی لە سنووری پارێزگای ئەنبار کۆ کردووەتەوە و لە ناوچەیەک بە ناوی وادیی حورات مەشق و ڕاھێنان بە چەکدارانی داعش دەکرێت، بێگومان چ ئەوانەی لە مەشق و ڕاھێناندان و، چ ئەوانەی لە سووریاوە دێنە نێو خاکی عێراقەوە لە داھاتوودا دەبنە مەترسیی گەورە بۆ سەر ڕەوشی ئەمنیی عێراق.''

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار