" کۆنفڕانسێک لەبارەی کەرتی زێڕ بەڕێوە دەچێت"

هەولێر -KDP.info- بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داھاتوو لە شاری ھەولێر کۆنفڕانسێک لەبارەی کەرتی زێڕەوە لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت و ڕاوێژکارێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییش دەڵێت، کێشە قەدەغەی ھاوردەی زێڕ لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمەوە چارەسەر کراوە.
فەتحی محەمەد، ڕاوێژکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ڕۆژی دووشەممە کۆنفڕانسێکی فراوان لەبارەی ڕەوشی زێڕەوە لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت و تێیدا لایەنی پەیوەندیدار و بازرگانانی زێڕ لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەشداریی تێدا دەکەن، کۆنفڕانسەکە زیاتر بۆ گەشەکردنی کەرتی زێڕە لە ھەرێمی کوردستان و ئەو ئاستەنگانەی ھەن، چارەسەر بکرێن.''
ڕاوێژکاری وەزارەتی بازرگانی گوتیشی: "کۆنفڕانسەکە بە بەشداریی نوێنەری وڵاتانیش بەڕێوە دەچێت و تێدا تیشک دەخرێتە سەر ئەو ئاستەنگانەی ھەن لە کەرتی زێڕ، ھەروەھا برەودان بە بازرگانیی زێڕ لە عێراق و کوردستان.''
لەبارەی بڕیاری قەدەغەی زێڕ لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە، فەتحی محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕاستە پێشتر بڕیار درابوو ھاوردەکردنی زێڕ لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانیەوە قەدەغەیە، بەڵام ئێستا کێشەکە چارەسەر کراوە و زێڕ ھاوردە دەکرێت، بەڵام بڕیارەکە بە یەکجاری ھەڵنەوەشاوەتەوە، دەمانەوێت بڕیارەکە بە یەکجاری ھەڵوەشێنینەوە.''
قائید میرۆ




