٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خانەنشینیی ھەرێم: پرۆسەی چاکسازی لە پلەباڵاکان تەواو بووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی کورستان گوتی، پرۆسەی چاکسازی لە پلە تایبەتەکان تەواو بووە و ئێستا تەنھا ئەو کەسانە ماون کە کێشە لە دۆسیەکانیان ھەیە و خەریکی چارەسەرکردنیانن و ھەمووشیان مووچەیان ھەموار کراوەتەوە و بەرزترین مووچە لە ٦٠% تێپەڕ ناکات.

بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی کورستان، سەباح موخلیس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پرۆژەی چاکسازی لە پلەتایبەتەکان تەواو بوو و ئەنجامەکەشی ئەوە بوو بەپێی یاسای چاکسازی، مووچەیان ھەموار کراوەتەوە و ئەوەی خزمەتی تەواو نەبووە، خەریکی ڕێکخستنی خزمەتی خۆیانن، بۆ نموونە لە وەزیرەکان، کاتی خۆی کە وەزیر بوونە، خزمەتیان وەکو پێویست نەبووە و ئێستا دێن دۆسیەکانیان تەواو دەکەن و دواین مۆڵەتیشیان پێ درابوو بێن کەموکووڕییەکانیان چارەسەر بکەن و خۆیان لەگەڵ یاسای چاکسازی بگونجێنن تا ئەوکاتە مووچەیان پێ دەدرێت، بۆیە ئێستا بەردەوام سەردانمان دەکەن و دۆسیەکانیان ڕێک دەخەن و کە تەواویان کرد مووچەیان ھەموار دەکرێت و دواتر مووچەکەیان پێ دەدرێت.

سەباح موخلیس گوتیشی: ''ئەوانەی کێشە لە دۆسیەکانیان ھەیە ٢٠ تا ٣٠% دەبن، بەڵام خەریکن ئەو کێشانەی لە دۆسیەکانیان ھەیە چارەسەری دەکەن و خۆیان لەگەڵ یاسای چاکسازی دەگونجێنن و ئەوانەی نەیاساییشن ئێمە ناوەکانیانمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ڕەوانە کردووە، بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بەرامبەریان بگیرێتە بەر.''

موخلیس ڕوونیشی کردەوە: ''مووچەی سەرجەم پلە تایبەتەکان ھەموار کراوەتەوە و مووچەی ھیچ کامیان لە٦٠% زیاتر نییە، بەپێی ھەمواری تازە ھەموویان ٦٠% بۆ خوارەوە مووچە وەردەگرن، بەپێی ئەو ھەموارەی لە مووچەکانیان کراوە.''

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار