شاندی دانوستانکاری پارتی: سوننە و شیعەش پشتگیریمان دەکەن

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا گوتی، دانوستانەکانی شاندی پارتی زۆر باش بەڕێوە دەچن و گفتوگۆکانیش لەگەڵ ھەموو لایەنەکان زۆر ئەرێنین. دەشڵێ: "ھێڵی سوورمان لەسەر ھیچ لایەنێک نییە و سوننە و شیعەش پشتگیری لە ئێمە دەکەن".
رێناس جانۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گفتوگۆکانی ئێمە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەردەوامن و زۆر باشیش بەڕێوە دەچن، کە تاوەکو ئێستا ئەنجامی باشیان ھەیە و ئێمەش لەگەڵ ھەمووان بێ جیاوازی گفتوگۆ دەکەین و ھێڵی سوورمان لەسەر ھیچ لایەنێک نییە، ئەوەی گرنگە لای ئێمە ئەوەیە، کە کێ داواکاریی کورد جێبەجێ دەکات."
جانۆ گوتیشی: "ئێمە بە دوو قۆناغدا تێپەڕ دەبین و کاریان لەسەر دەکەین، ئەوانیش یەکەم داواکاریی دەستووری و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و داڕشتنی سیستمی سیاسی لە عێراق، دووەمیش کارکردن بۆ راستەرێکردنی پرۆسەی سیاسی و جێبەجێکردنی داواکاریی کورد، لەسەر ئەو دوو پرسە کار دەکەین و ئێستاش لە قۆناغی یەکەمداین".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "بۆ پۆستی سەرۆککۆماریش بەردەوامین لە دانوستان و دانوستانەکانیش زۆر باش بەڕێوە دەچن، سونە و شیعەش پشتگیری لە ئێمە دەکەن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە".
دەشڵێ: "لە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق نزیک دەبینەوە و ئەم ھەفتەیە کاندیدان یەکلا دەکرێنەوە و ھەفتەی داھاتووش سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت، ئێمەش ھەر لە بەغداین و دانوستانەکانمان بەردەوام دەبن تاوەکو لەگەڵ لایەنەکان دەگەینە رێککەوتنێک".
بڵند ئیبراھیم




