وەزیری تەندروستی بۆ KDP: کۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بارودۆخی کۆرۆنا لە ئاستی بەرزبوونەوەدایە بۆیە ھانی ھەموو خەڵکی دەدەین لە وەرگرتنی ڤاکسین، چونکە زیاتر لەسەدا ٧٠ی نەخۆشەکان تووشبووی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنن.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ھەرێمی کوردستان ٢٨٣٣ ھاووڵاتی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، ھاوکات ٧ ھاووڵاتیش بەو پەتایە گیانیان لە دەست داوە، پەیوەست بە بارودۆخی کۆرۆناو چەند بابەتێکی تر، لە لێدوانێکی تایبەتدا دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دۆخی کۆڕۆنا لە ھەرێمی کوردستان لە ئاستی بەرزبوونەوە و بڵاوبونەوەدایە، بەڵام ھێشتا بەردەوامین لە خۆپارێزی و دەبێت ھاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی، ھاوکات زیاتر لەسەدا ٧٠ی نەخۆشەکانیش تووشبووی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنن، ھەروەھا بارودۆخی توشبووەکان جیاوازە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بارودۆخی توشبووەکان خراپ نیە".
لەبارەی پێدانی ڤاکسین، بەرزنجی، ئاماژە بەوەش دەکات و دەڵێت: "ڤاکسین لێدان لە ھاووڵاتیان بەردەوامەو ڕێژەکەش لە بەرزبوونەوەدایە، ئێمەش بەردەوامین لە دابینکردنی ڤاکسین بۆ ھاووڵاتیانمان، ھاوکات بڕیارمانداوە منداڵانی سەرووی ٦ ساڵیش دەتوانن ڤاکسین وەربگرێت، بۆیە ھانی ھەموو خەڵکی دەدەین لە وەرگرتنی ڤاکسین".
سەبارەت بە دواین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناش، وەزیری تەندروستی رایگەیاند: "لە دووھەفتەی ڕابردوودا کۆبوونەوە کراوە و بڕیارەکان لە بواری جێبەجێکردندان، جارێ ھیچ کۆبوونەوەیەکی تر لە ئارادا نیە چونکە ھێشتا بڕیارەکان لەبواری جێبەجێکردندان".
پەیوەست بە بڕیارەکەی وەزارەتی ئەوقافیش، سامان بەرزنجی روونی کردەوە: "کە ئەمە بڕیاری لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنابوو سەبارەت بە دانانی پرسە، لیژنەی باڵا لە دوا کۆبوونەوەی بڕیاریدا ئەمساڵ ڕێکخستنی پرسە بە شێوازێکی تەندروست بێت، لەبەر ئەوەی بەداخەوە پرسە چووبووە ناو ماڵ و ناو گەڕەک و کۆڵانەکان و لە ژوورە بچوکەکانی ناو ماڵەکان دوور لە چاوی ئێمە پرسە دادەنرا، بەڵام ئێستا وەزارەتی ئەوقاف ڕاسپێردرا لەلایەن لیژنەی باڵاوە کارو ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر".
ھەڵکەوت محەمەد




