پارێزگاری کەرکووک ھۆکاری تێکچوونی دۆخی کەرکووکە

کەرکووک -KDP.info- ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، دۆخی پارێزگای کەرکووک زۆر خراپە و ھاوردەکردنی عەرەب لە لایەک و ھێرشی داعشیش لە لایەکی دیکەوە و ڕێگاخۆشکردنی پارێزگاریش بۆ ھاوردەکردنی عەرەب وای کردووە دۆخی کەرکووک خراپتر بێت، بۆیە تا پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک دانەنرێت و ھەموو لایەنەکان پشتگیریی نەکەن، دۆخەکە بەو شێوەیە خراپ دەبێت.
جوان حەسەن بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دۆخی کەرکووک خراپە و داعیش بووەتە وەرەقەیەک ھەر ڕۆژە و لە شوێنێک ھێرش دەکات و عەرەبی ھاوردە ھەر مەترسین و بەردەوام دێن بۆ گوندە کوردییەکان لە سنووری سەرگەڕان و ناوچەکانی دیکە و ئەو عەرەبانەی قەرەبوویان وەرگرتووە، جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە و دەیانەوێت دەست بەسەر زەوی و ناوچەی کوردیدا بگرن و ئێستا ژیانی دێیەکان خراپە و عەرەب دەیانەوێت بەزۆر لێیان وەرگرنەوە و دەزگا ئەمنییەکانیش ھاوکاریانن و تا ئێستاش ئەو ھێزە ئەمنییانەی ھاتوون بۆ کەرکووک دەسەڵاتدارن و پۆلیس دەسەڵاتی نییە، بۆیە دۆخەکە تا وا بێت، باشتر نابێت.''
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕوونیشی کردەوە: ''ئیدارەی پارێزگای کەرکووک ھۆکاری خراپیی ئەو دۆخەیە، چونکە لە یاسای عێراقیدا پێویستە پارێزگار سەرۆکی لیژنەی ئەمنی بێت و خۆی نەک ئەو پۆستەی نییە بگرە، ھۆکار و ڕێکخۆشکەرە بۆ ئەوەی دۆخەکە خراپتر بێت و تەعریب بەردەوام بێت و ھەندێک جار خۆی جووڵەکە بەھێز دەکات، بچنە سەر گوندە کوردییەکان.''
حەسەن ڕوونیشی کردەوە: ''تاوەکوو پارێزگارێکی کوردی خەمخۆری کورد دانەنرێت و دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکاتەوە و لایەنەکان پشتگیریی نەکەن کە بتوانێت بڕیارەکانی ڕاکان کە پێشێلکارین ھەڵوەشێنێتەوە و ڕاگرێت دۆخەکە ھەر وادەبێت.''
بڵند ئیبراھیم




