"داعشی غەریب پەیدا بوون و گومان دەکرێت لە سووریاوە دزەیان کردبێت"
_(10)__2022_01_26_h15m49s58__ER.jpg)
مەخموور-KDP.info- چەند ڕۆژێکە ژمارەیەک داعشی نێو زیندانی حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایان کردووە و بەرپرسانی عێراقیش نایشارنەوە بەرەو عێراق ھاتوون، بەرپرسێکی پارتییش لە خانەقین دەڵێت، چەند ڕۆژێکە ژمارەیەک چەکداری غەریب لەنێو داعش پەیدا بوون و گومان دەکرێت، یان لە سووریاوە دزەیان کردبێت، یان داعشی بیانی بن.
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆغی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مەترسیی داعش بەردەوام ھەیە لە زۆربەی ناوچەکان، بەڵام ئەگەر ئەو چەکدارانەی داعش لە سنووری سووریا دزە بکەنە نێو خاکی عێراق، سەرەتا لە ناوچەکانی شنگال و بەعاج و ڕۆمادی بڵاو دەبنەوە، قۆناغی دووەم دەگەنە سنووری مەخموور، چونکە لەڕووی جوگرافیاوە ناوچەی مەخموور دوورە لە سنوور، بەڵام ئەگەر ھاتنە نێو خاکی عێراق، بێگومان بۆ ھەموو ناوچەکان دەچن.''
لەبارەی مەترسییان بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان کرمانج عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئەگەر ئەو داعشانەی سووریا بێنە نێو خاکی عێراق و بڵاوەیان پێ بکرێت، ئەوە مەترسیی گەورە لەسەر ڕەوشی ئەمنی پەیدا دەبێت، بەتایبەتی بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.''
جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێستا چەکدارانی داعش لە سنووری خانەقین و دیالە دەستیان بە جووڵە کردوە و ھەندێ ناوچەی سنوورەکە چەکدارانی داعش تەراتێنی تێدا دەکەن و بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێن، لە شەوی ڕابردووەوە ھێزە عێراقییەکان دەستیان بە ئۆپەڕاسیۆن کردووە، چونکە بەپێی زانیاریی ئێمە، ھەندێ چەکداری غەریبی داعش پەیدا بوون، ئیجا نازانین سەداسەد ئەوانەی سووریان دزەیان کردووە، یان خەڵکی دیکەی بیانین لەنێو داعشدا.''
بەرپرسەکەی پارتی لە خانەقین دەڵێت: "تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچەکانی پێشوو ڕەوشی ئەمنی بە ھێزە عێراقییەکان کۆنتڕۆڵ ناکرێت، لەبەر ئەوەی سنوورێکی فراوان ھەیە و لە نەفتخانەوە تا کۆتا سنووری حەمرین، ھەمووی داعشی تێدایە.''
قائید میرۆ




