بارەگایەکی سەردەمی شۆڕش دەکرێتە شوێنێکی گەشتیاری

ئامێدی -KDP.info- دوای نۆژەنکردنەوەی چەند بارەگایەکی سەردەمی شۆڕش لە باڵەکایەتی، بڕیارە بارەگای ناوچەی دھۆکی پارتییش نۆژەن بکرێتەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی مانگێشکی سەر بە قەزای ئامێدییش دەڵێت، ئەو بارەگایە لە سەردەمی شۆڕشدا خاوەن پێگەیەکی بەھێز بووە و دوای نۆژەنکردنەوە گەشتیاران سەردانی دەکەن بۆ ناساندنی شۆڕشی ئەوکاتی میللەتی کورد.
بریندار حەیدەر، بەڕێوەبەری ناحیەی مانگێشک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە چوارچێوەی گرنگیدان بە ناحیەی مانگێکشی سەر بە قەزای ئامێدی، بڕیارە بارەگایەکی پارتی کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی شۆڕشی گوڵان دەگەڕێتەوە، نۆژەن بکرێتەوە و وەک شوێنێکی گەشتیاری خەڵکی سەردانی بکەن، چونکە بارەگای لیژنەی ناوچەی دھۆکی پارتی لەو سنوورە ساڵانێکی زۆر شوێنی مانەوە و بڕیاردانی شۆڕش و پارێزگای دھۆک بووە".
بەڕێوەبەری ناحیەی مانگێشک گوتیشی: "بارەگای لیژنەی ناوچەی دھۆک لە سەردەمی شۆڕش بە دەیان جار بۆردومان کراوە لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی عێراقەوە و پێگەیەکی بەھێزی ھەبووە لە کاتی خۆیدا".
حەیدەر ڕوونیشی کردەوە: "بارەگاکەی پارتی دەکەوێتە گوندی گەلناسکی شارەدێکە و جگە لە نۆژەنکردنەوەی، مۆنۆمێنتێک بۆ شەھیدانی جینۆسایدی ئەو گوندانە دروست دەکرێت و ناوی ھەموو شەھیدانی لەسەر تۆمار دەکرێت، وەک ڕەمزێک و وەفایەک بۆ گیانی پاکی شەھیدان و نیشانەی زوڵم و ستەمی بەعس بەرامبەر پڕۆسەی ئەنفالی بادینان".
قائید میرۆ




