وەزارەتی پەروەردە بۆ KDP: ھیچ باسێک نییە خوێندن بکرێتە ئۆنلاین

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ھیچ مەترسییەک لەسەر پرۆسەی خوێندن نییە تا بکرێتە ئۆنلاین و ھەر کاتێک مەترسیش ھەبێت، ئەوکات بڕیاری لێ دەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ لە ئارادا نییە و پرۆسەی خوێندن لەناو پۆل بەردەوام دەبێت.
بورھان ئەرگوشی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بە ھۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی نەخۆشیی کۆرۆنا، ئەوە لەسەر راپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی دەمینێتەوە کەی ئەوان باسی مەترسییان کرد، ئەوکات بڕیاری لێ دەدرێت چی بکرێت، کە نەخۆشییەکە مەترسی ھەیە لەسەر پرۆسەی خوێندن یاخود نا.
راوێژکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، تا ئێستا ھیچ باسی مەترسی نییە و کەی وەزارەتی تەندروستی باسی مەترسیی کرد، ئەوکات لیژنەی باڵای کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویست دەدات، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ باسێک نییە کە خوێندن بکرێتە ئۆنلاین و لەناو پۆل بەردەوام دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




