٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووسەران: تەرخانکردنی بودجە بۆ وەرگێڕان ھەنگاوێکی گرینگە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بودجەیەک بۆ وەرگێڕانی ئەو کتێبە کوردیانە خەرج دەکرێت، کە وەرگێڕانیان بۆ دەکرێت بۆ سەر زمانە جیھانیەکان، نووسەرێکیش پێی وایە، ھەندێ بابەت ھەیە پێویستە وەرگێڕانی بۆ بکرێت، تا پەیامی کورد بگاتە جیھان.

عەبدولڕەحمان فەرھادی، سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد، لەبارەی خەرجکردنی پارە بۆ ئەو کتێبانەی وەردەگێڕدرێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی کوردستانی راگەیاند: "دەسخۆشی لەم ھەنگاوە باشەی حکوومەت دەکەم، کە دیارە لەمەودوا بایەخ بە بواری کولتووری و ئەدەبی کوردی دەدات، ئەویش بە وەرگێڕانیان بۆ سەر زمانانی دونیا کە دەبێتە ھۆی ناساندن و ئاشناکردنی خوێنەران لە دونیا بە ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردی، ھیوادارم لەمەودوا حکوومەت بایەخ بە ڕێکخراوە ڕۆشنبیرییەکانی کوردیش بدات، لەوانە یەکێتیی نووسەران کە زیاتر لە پەنجا ساڵە دامەزراوە، کەچی بەداخەوە بە تەواوی فەرامۆش کراوە و ھیچ جۆرە ھاوکارییەک ناکرێت و لەگەڵ ئەوەی لە کار و چالاکییش بەردەوامن".

لای خۆشیەوە، تەحسین تەھا، نووسەر و وەرگێڕ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "خەرجکردنی بودجە بۆ وەرگێڕانی کتێب، ھەنگاوێکی پیرۆزە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی زۆر بابەتی گرینگ ھەنە، پێویستە وەرگێڕانیان بۆ بکرێت لەسەر زمانەکانی دیکەی جیھان، بە تایبەتی زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و فەڕەنسی، ھەروەھا وەرگێڕانی کتێبی کوردی بۆ سەر زمانی وڵاتانی دراوسێ، بۆ فارسی و تورکیش گرینگە، لەبەر ئەوەی ھەندێ کتێب و لێکۆڵینەوە و رۆمان ھەن بۆ گەیاندنی پەیامی نیشتیمانی و نەتەوەیی گرینگە وەرگێڕانیان بۆ بکرێت".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار