٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یادی حەوت ساڵەی شەھیدکردنی شەھید ھوجام سورچی کرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەردەڕەش-KDP.info- ئەمڕۆ لە قەزای بەردەڕەش بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیداری و حیزبی و فەرماندە و پۆلێک لە ھێزی پێشمەرگە و خانەوادەی شەھید ھوجام سورچی، یادی حەوت ساڵەی شەھیدکردنی شەھید ھوجام سورچی لەلایەن تیرۆریستانی داعش، بە چەندین چالاکی کرایەوە.

رەمەزان ئەحمەد، بەرپرسی لقی بەردەڕەشی دەزگای نێودەوڵەتیی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ ھەڵساین بە یادکردنەوەی تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر شەھیدکردنی ھوجام سورچی، کە لە ٢٥/١/٢٠١٥ لەلایەن تیرۆریستانی داعش بە شێوەیەکی دڕندانە شەھید کرا، بۆیە ئێمەش وەکو رێزلێنان و بەرزڕاگرتنی ئەو یادە، ھەستاین بە ئەنجامدانی چەندین چاڵاکی بە ئامادەبوونی قایمقام و بەرپرسانی ئیداری و حیزبی و فەرماندە و پۆلێک پێشمەرگە".

ئەحمەد گوتیشی: "لەو چالاکیانەدا شانۆگەرییەک لەسەر چۆنیەتیی شەھیدکردنی شەھید ھوجام سورچی ئامادە کرابوو و پێشکەش کرا، هەرووەها ھۆندراوەیەک لەسەر شەھید ھوجام سورچی پێشکەش کرا و جگە لەوەش رێز لە خانەوادەی ٢٠ شەھید گیرا، لەوانە خانەوادەی شەھید ھوجام سورچی.

لای خۆشیەوە، کوڕی شەھید ھوجام سورچی، عومەر سورچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "خۆشحاڵین ئەو یادە کرایەوە، کە یادێکە ھەرگیز لە ھزر و بیری ھیچ کوردێک دەرناچێت، چونکە شەھید ھوجام بە شێوەیەک شەھید کرا، بووە قوربانیی کورد و کوردستان، بۆیە ھیوادارین ئەو یادە ببێتە ھۆی ئەوەی کورد ھەمیشە یەکڕیز و یەکدەنگ بێت، چونکە دوژمنی کورد گەلێک زۆرە".

عومەر سورچی ڕوونیشی کردەوە: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خزمەتێکی زۆر باشی خانەوادەی شەھیدانی کردووە و ھەمیشە شەھیدی لەبیرە و درێخی نەکردووە، ھیوادارین زیاتریش خزمەتی خانەوادەی شەھیدان بکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار