٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرکردەیه‌كی عێراقی له‌ ڕێگای KDPوه‌ هۆشداری مەترسیەك بۆ سەر عێراق ده‌دات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرکردە لە ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراقی د. عەلا مەکی رایگەیاند، پێویستە حکوومەتی عێراق ھەرچی زووە بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم بۆشایی ئەمنی پڕ بکاتەوە و ھێزی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکان بڵاوەیان پێ بکرێت، بۆ ئەوەی داعش نەتوانێت کاریگەری و مەترسیی بۆ سەر ئەو ناوچانە ھەبێت، چونکە راکردنی داعش لە سووریا، دەستی دەرەکیی تێدایە و مەترسییە بۆ سەر عێراق.

دکتۆر عەلا مەکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەوەی لە سووریا کراوە و داعشەکان لە گرتووخانەی حەسەکە ڕایان کردووە، دەستێکی دەرەکیی تێدایە، ئەگەرنا بەو شێوەیە ڕاکردنیان ئاسان نییە، بۆیە ئەوە کارێکی مەترسیدارە و کاریگەریی خراپی بۆ سەر عێراق و بە تایبەت ناوچە کوردستانییەکانیش ھەیە، کە جارێکی دیکە داعش زیندوو بکرێتەوە و ھێرشی سەر ئەو ناوچانە بکرێت.

مەکی گوتیشی، لایەنی دەرەکی ھەن دەیانەوێت دۆخی عێراقیش بە تایبەت ناوچە کوردستانییەکان تێک بچێت، بۆیە پێویستە عێراق بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگی بکات، بۆ ئەوەی بتوانن رێگە نەدەن ھیچ کاریگەری ھەبێت لەسەر دۆخی ئەو ناوچانە، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیوەندیی باشی لەگەڵ وڵاتان ھەیە و کاریگەریی زۆریشی ھەیە، بۆیە حکوومەتی عێراق دەتوانێ سوود لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت بۆ سەقامگیریی عێراق بە گشتی و ناوچە کوردستانییەکان بە تایبەتی.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، پێویستە حکوومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێم بگاتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکان پڕ بکاتەوە و چیتر رێگە بە داعش نەدات بەھێز بێت، ئەگەرنا دۆخەکە خراپ دەبێت، چونکە ھێزی پێشمەرگە، ھێزێکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مەشق و راھێنانی پێ کراوە و بچێتە ھەر شوێنێک، رێگە نادات داعش جموجۆڵی ھەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار