بەرپرسێکی پێشمەرگە: داعش دەیەوێت ڕۆژئاوای مووسڵ داگیر بکات

هەولێر-KDP.info- لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داعش ھێرشی کردە سەر زیندانی غوێران لە شاری حەسەکە و ژمارەیەکی زۆری داعش لەنێو زیندانەکە ڕایان کرد، حکوومەتی عێراق ھێزەکانی لەسەر سنووری سووریا لە ترسی دزەکردنی داعش خستە ئامادەباشی و بەرپرسێکی پێشمەرگەش ھۆشداریی داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی مووسڵ دەدات.
سەربەست بابیری، بەرپرسی میحوەری ڕۆژھەڵاتی دیجلە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشمەرگە خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی لە سنووری ئێمە، ئەویش بەھۆی ڕاکردنی ژمارەیەکی بەرچاوی داعش لەو زیندانەی ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە داعش مەترسییە بۆ سەر عێراق و ئەو سنوورەی ئێمە تێیداین، دوای تەقاندنەوەی زیندانی غوێران لە حەسەکە، مەترسی ھەیە ئەو داعشانە دزە بکەنە سنووری نەینەوا، زانیاریمان هەیە ئەو داعشانەی سووریا دێنە نێو خاکی عێراق، لەبەر ئەوەی چەندین ناوچەی گونجاو ھەیە بۆ ئەوەی خۆیانی تێدا حەشار بدەن و خۆ ڕێک بخەنەوە".
بەرپرسەکەی پێشمەرگە دەڵێت: "پرسی زیندانەکەی حەسەکە، ئێمە بە سیناریۆی دەزانین و پێشبینی دەکەین ڕۆژانی داھاتوو گۆڕانکاریی دیکەش بێتە ئاراوە و مەترسیی تێکچوونی ڕەوشەکە ھەیە، لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا ھێزی جیاوازی تێدایە لە سوپا و حەشد و ھەسەدە و چەندین ھێزی دیکە".
بابیری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بەگوێرەی زانیاریی ئێمە، داعش دەیەوێ لە سنووری سووریاوە دزە بکاتە نێو عێراق و لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای شنگال و ناحیەی قەیرەوانەوە بێتە نێو خاکی عێراق، تا دەگاتە ناوچەی کەسکێ و ئاسکی مووسڵ و ناحیەی بادۆش دەرفەت ھەیە بۆ بڵاوبوونەوەی چەکدارانی داعش".
ناوبراو ھۆشداری دا لەوەی داعش زیاتر دەیەوێ ئەو شوێنانە بگرێتەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٤ تێیدا گەشەی کرد و دواتر بەشێکی زۆری خاکی عێراقی داگیر کرد. گوتیشی: "ھەندێ ناوچە ھەن بۆشاییی ئەمنییان ھەیە، بۆ نموونە لە ڕۆژئاوای مووسڵ ناوچەیەکی بیابان دەست پێ دەکات و تا دەگاتە ڕومادی کەسی تێدا نییە، داعش ئێستا دەیەوێت ئەو شوێنانە بگرێتەوە و دیسان وەک سیناریۆی ساڵی ٢٠١٤ خۆی بەھێز بکات، چونکە سەرەتا داعش لەوێ خۆی ئامادە کرد و مووسڵی داگیر کرد، ئەو ناوچەیە بەردەوام شوێنێکی گونجاوە بۆ داعش تا دەگاتە تەلەعفەر و پشتی ناحیەی ڕەبیعە، ئەگەر لایەنی بەرامبەر ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بکات، ئێمە ئامادەین ڕێگری لە ھەر جووڵەیەکی داعش بکەین، بەڵام بەداخەوە زۆر جار لایەنی بەرامبەرمان وەک پێویست کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ناکات".
قائید میرۆ




