٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا عەبدولخالق: مەترسییە گه‌وره‌كه‌ بۆ KDP ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی، راکردنی تیرۆریستانی داعش لە سووریا، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر عێراق ئەگەر رێگری لێ نەکرێت، بەڵام حکوومەت ھێزێکی زۆری رەوانە کردووە و دەیەوێت رێگری لە ھاتنی تیرۆریستان بکات.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، راکردنی تیرۆریستانی داعش لە سووریا، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر عێراق، چونکە کە رادەکەن یەکسەر ڕوو لە عێراق دەکەن، لەبەر ئەوەی دۆخی عێراق خۆی خراپە لە ڕووی ئەمنییەوە و ئێستاش بە ھۆی پێکھێنانی حکوومەت دۆخی سیاسیش باش نییە، ئەوەش بۆشاییەکی ئەمنی دروست دەکات، بۆیە رەنگە داعش ئەوەی عوزێم و رووداوی ھاوشێوەش دووبارە بکاتەوە.

تەڵعەت گوتیشی، ئەگەر کۆنتڕۆڵی سنوورەکان بکرێت، ناتوانن بێن بۆ عێراق، بەڵام بەم شێوەیە زۆر مەترسیدارە، بۆیە پێویستە ئەو شوێنانەی ھێزە عێراقییەکانی لێیە، ھێزی زیاتری بۆ رەوانە بکرێت و سنوورەکان توندوتۆڵتر بکرێن و چەکی قورسی زیاتر رەوانەی سنوورەکان بکرێن.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، بڕیار دراوە ھێز و چەکی زیاتر رەوانەی دیالە و عوزێم و سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا بکرێن، بە تایبەت لە سنووری شنگال، چونکە مەترسیی زۆر لەسەر ئەو ناوچانە ھەیە و لە ناوچەی عوزێمیش بە ھۆی ئەو رووداوەی رووی داوە، ئۆپەراسیۆنێکی لێ ئەنجام دەدرێت بۆ نەھێشتنی داعش، چونکە لەو ناوچانە داعش گەلێک زۆر بووە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار