چهند ڕۆژێكی تر ستراتیژیەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە پێش کۆتایی ئەم مانگە ستراتیژیەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستاندا بڵاو بکرێتەوە و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە زۆر گرنگە و دەبێتە پشتگیرییەکی زۆر باش بۆ یاسای چاکسازی.
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای پەسەندکردنی ستراتیژیەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەوانەی وەزارەتی داد کراوە، بۆ ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستاندا پێش کۆتایی ئەم مانگە بڵاو بکرێتەوە و ئێمەش لەمەودوا دەست بە کۆبوونەوە دەکەین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی لیژنە دروست بکرێن و دەست بە جێبەجێکردنی ستراتیژیەتەکە بکرێت، کە بابەتێکی گرنگە و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ستراتیژیەتەکە کاری ئێمەیە، بەڵام پێویستە ھەموو دەسەڵاتەکان ھاوکار بن و لیژنە دروست بکەن و ئەوەی پەیوەندیشی بە ھەر لایەنێک ھەبێت، جێبەجێ بکرێت".
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "بۆ جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژیەتە، سوود لە توانای دەرەکیش وەردەگرین، وەکو بانکی نێودەوڵەتی و زۆر لایەنی دەرەکیش ئامادەیی خۆیان نیشان داوە ھاوکار بن، ئێمەش مەبەستمانە چاکسازی بکرێت و رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە، کە ئەو ستراتیژیەتەش ھەموو بابەتەکان لەخۆ دەگرێت".
دەشڵێ: "ھەر وەزارەتێک بەرنامەیەکی بۆ دانراوە، کە چۆن بتوانین چاکسازی بکەین و ئەدای دامودەزگاکانی خۆیان باش بکەن و کەموکوڕییەکان چین و ئەوەی پێویستی بە ھەموار ھەبێت، بۆیان بکرێت و ئەوەی پێویستی بە رێنمایی ھەبێت، بۆی دەربکرێت، بۆیە پێش کۆتایی ئەم مانگە بڵاو دەکرێتەوە و وردەکارییەکان دیار دەبن، کە پرۆسەیەکی درێژخایەنە و چوار ساڵ دەخایەنێت تا بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش دەبێتە ھاوکار و پشتگیرییەک بۆ یاسای چاکسازی کە ھەنگاوی باشی بڕیوە و حکوومەتیش پشتگیرییەکی تەواوی ئێمە دەکات لەو پڕۆژەیە".
بڵند ئیبراھیم




