عێراق شنگالییەکان پشتگوێ دەخات.. هەرێم بە هانایانەوە دەچێت
__2022_01_22_h16m26s8__ER.jpg)
شنگال-KDP.info- سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ گوتی، بەھۆی ئەو شەپۆلی بەفربارینەی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، ئاوارەکان پێویستیان بە ھاوکاری ھەبوو، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاتە سەر خەت و ھاوکاریی خۆراک و چادر و سووتەمەنیی گەیاندە ئاوارەکان کە ٧٠٠ خێزانن.
سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ و ئەندامی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، سەیدۆ چەتۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەھۆی ئەوەی شەپۆلێکی بەفربارین چیای شنگالی گرتەوە و بەفرێکی زۆر باری، ڕێگای ھاتوچۆی گرت، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر زوو ھاتە سەر خەت و بە ھاوکاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕێگاکە کرایەوە و ھاوکاری گەیەندرایە ئاوارەکان.''
سەیدۆ چەتۆ گوتیشی: ''ھاوکارییەکانیش بریتی بوون لە دابینکردنی چادر و خۆراک و سووتەمەنی، چونکە پێویستیان بە ھاوکاری ھەبوو و لە دۆخێکی خراپدا بوون، چونکە لە چیای شنگال ٧٠٠ خێزانی ئاوارە ھەن و لەوێ نیشتەجێ بوون و لە کاتی شەڕی داعش تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە بۆ شنگال و ھەر لەوێ ماونەتەوە.''
هاوکات پیر دەیان، بەرپرسی دەزگای خێزخوازیی بارزانی لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''خەڵکی شنگال لەسەر چیای شنگال داوای هاوکاری و بەهاناوەچوون لە ئێمە دەکەن و، ئێمەش هەموو شتێکی پێویستمان بۆیان ئامادە کردووە، بەڵام هێزە عێراقییەکان ئەوە چەندن کاتژمێرە ڕیگە بە ئێمە نادەن بچینە سەر چیای شنگال.''
گوتیشی: سەدان خێزانی شنگالی لە چیای شنگالن و ژیانی ناو کەمپیان هەڵبژاردووە و نایانەوێت بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و پەکەکە، چونکە ئەوانە خزمەت بە شارەکەیان ناگەیەنن.
گوتیشی: ''حکوومەتی عێراق ئاگای لە خەڵکی شنگال نییە و ئەو کارەی ئێمە دەیکەین لەسەر داخوازیی خەڵکی شنگالە، بەڵام حکوومەتی عێراق هاوکاریی خەڵک ناکات و ڕیگەش نادات کەس هاوکارییان بکات.''
بڵند ئیبراھیم- کاروان بــاعەدری




