٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران بەڕێوەیە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەپێی پێشبینییەکان، ناوەڕاستی ئەم حەفتەیە شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و گوتەبێژی کەشناسیی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەمڕۆ بەرزترین و نزمترین پلەی گەرما لە قەزای پێنجوێن تۆمار کراوە و گەیشتووەتە ٢٤ پلەی ژێر سفر.

ماڵپەڕی ئەکواوێزەری تایبەت بە کەشناسی بڵاوی کردووەتەوە: "ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و سەرەتا باران دەبارێت و ڕۆژانی پێنجشەممە و ھەینی ئەگەری بەفربارین ھەیە لە دھۆک و سلێمانی.''

لەم بارەیەوە، ئەژی چەتو حەسەن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کەشناسیی ھەرێمی کوردستان تەنیا ٤٨ کاتژمێر پێش ھەر شەپۆلێک پێشبینییەکانی بڵاو دەکاتەوە، بەڵام لەمڕۆ بەدواوە پلەکانی گەرما تا ڕادەیەک بەرز دەبنەوە و ئەویش بەھۆی نەمانی بارستە ھەوای سارد و توانەوەی بەفر، بەڵام دواتر ھەر شەپۆلێکی دیکە ھەرێم بگرێتەوە پلەکانی گەرما دیسان بەرەو نزمبوونەوە دەچن.''

ئەژی چەتو حەسەن گوتیشی: "بەرزترین پلەی گەرما لەو ناوچانەی ھاووڵاتییان تێیدا نیشتەجێبوونە تۆمار کراوە و ئەمڕۆ نزمترین پلەی گەرما لە قەزای پێنجوێن تۆمار کرا، کە پلەکەی گەیشتووەتە ٢٤ پلەی ژێر سفر و بەوەش بە ساردترین ناوچە دەژمێردرێت، لەگەل ئەوەشدا لەوانەیە لە ھەندێ ناوچە پلەی نزمتر تۆمار کرابێت، بەڵام لوتکەی چیایەک، یان شوێنێکە، نیشتەجێبوونی تێدا نییە.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار