" کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێری پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق دەکات"

ھەولێر-KDP. info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ئاشکرای کرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەنزیکەوە چاودێری پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق دەکەن و ڕۆڵی سەرۆک بارزانیش لەو پێناوەدا بەرز دەنرخێنن.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرس پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" عێراق ولاتێکی گرینگە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی، لەبەر ئەوەیش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە نزیکەوە چاودێری بەڕێوەچوونی پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەکات، چونکە سروشتی حکوومەتی داهاتووی عێراق و شێوازی پەیوەندیەکانی ئەو حکوومەتە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاریگەری لەسەر سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکەش دەبێت، لەبەر ئەوەی سەقامگیری عێراق بۆ وڵاتان گرینگە و دواجار رەنگدانەوەی لەسەر ناوچەکە دەبێت.
بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پارتی دەشڵێ" کۆمەڵگەی نێودەڵەتی رۆڵی سەرۆک بارزانی بەرز دەنرخێنن لەپێناو هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق بە یەک گەیاندنی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، تا بتوانن لە ئایندەیەکی زوودا حکوومەتی عێراق پێکبێت و سەقامگیری دروست لە عێراق دروست بێت.
ئاماژەیشی، ئەو حکوومەتە خزمەتگوزاری پێشکەشی گەلانی عێراق بکات و پەیوەندی دروست و دەستووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێک بخاتەوە.
هۆشیار سیوەیلی روونی کردەوە" هەوڵەکانی پارتی و سەرۆک بارزانی بەردەوامە بۆ ئەوەی هەردوو لایەنی شیعی بگەنە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن، لەدیداری دوێنی سەرۆک بارزانی لەگەل هادی عامری سەرۆک هەمان پەیامی دووبارە کردووەتەوە، چونکە زۆر گرینگە شیعە لەنێو خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
قائید میرۆ




