٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە: ھۆکاره‌كانی کەمبوونەوەی ھێرشه‌كانی داعش بۆ KDP ئاشكرا ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، ھۆکاری کەمبوونەوەی ھێرش و چالاکییەکانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھەماھەنگی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەیە و بەردەوامیش ئۆپەراسیۆن دژی داعش ئەنجام دەدرێت.

لیوا قارەمان کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، داعش هێشتا لەناو نەچووە و دەیەوێت وجودی خۆی بسەلمێنێت، بۆ ئەوەی بڵێت ماوم، بەڵام چالاکیی ئەوتۆی نەماوە دوای دروستبوونی ھەماھەنگی لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکان، چونکە ئۆپەراسیۆنی بەردەوام ھەیە و هەرچەندە جاروبار ھێرش دەکات، بەڵام چالاکیی کەم بووەتەوە بە ھۆی ھەماھەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق.

کەمال گوتیشی، ھەماھەنگییەکە بەردەوام دەبێت و بڕیار دراوە بەردەوام کاری لەسەر بکرێت و زیاتریش بکرێت، بۆ ئەوەی داعش چیتر نەتوانێت زیان بە ناوچەکە بگەیەنێت، چونکە تا ھەماھەنگی بەھێز بێت لە نێوان ھەردوو لادا، چالاکی و ھێرشەکانی داعش لاواز دەبن، بەڵام بتەوێت داعش تەواو بێت، ئەوە زەحمەتە، چونکە ھەر کاتێک بۆیان بڕەخسێت، ھێرشی سەر ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان دەکەن.

جێگری سوپاسالار ڕوونیشی کردەوە، ھەماھەنگییەکان بە جۆرێک بەردەوام دەبن، کە رێگە نەدرێت چالاکییەکانی داعش کاریگەری ھەبێت و ئەگەر کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵاش نەکرێت لە نێوان فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، بەردەوامن لە هەماهەنگی، کە ئەمەش گرنگی و کاریگەریی زۆری ھەیە.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار