٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران: ئەمڕۆ جموجۆڵی بازرگانی لە حاجی ئۆمەران دەست پێدەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، تیمەکانیان سەرجەم رێگاکانیان لە بەفر پاک کردووەتەوە، کە زۆرترین بەفر لە حاجی ئۆمەران باریبوو. دەشڵێ، ئەمڕۆ جارێکی دیکە جموجۆڵی بازرگانی لەو خاڵە سنوورییە دەست پێدەکاتەوە و ئێستا ھاتوچۆ ئاساییە و ھیچ کێشەیەک لەئارادا نەماوە.

ھەڵگورد نەجیب، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "زۆرترین بەفر لە حاجی ئۆمەران باریوە، کە مەترێک و نیو بەفری لێ باریبوو، ئەویش ئەمڕۆ بە تەواوی پاک دەکرێتەوە و ھاتوچۆ جارێکی دیکە دەست پێدەکاتەوە لەو رێگەیەش کە دوێنێ بە ھۆی بەفربارینەوە داخرابوو، ئەگەر نا رێگاکانی دیکە ھەمووی پاک کراونەتەوە، چونکە زۆر رێگا داخرابوون و تیمەکانی ئێمەش بەردەوام کاریان تێدا کرد و ھەموویان پاک کردووەتەوە".

نەجیب گوتیشی: "تیمەکانی ئێمە بە شەو و رۆژ لە خزمەت ھاووڵاتیاندا بوون، تەنھا بە ھۆی ئەوەی پلەکانی گەرما زۆر دابەزیبوون، شەختە لە ھەندێک شوێن دروست ببوو، ئەمەش جیاوازە و ئەویش چارەسەر دەکرێت".

ناوبراو ئاماژەشی دا، تیمەکانیان ئێستاش لە ئامادەباشیدان و ئەو شوێنانەی پێویستیان بە پاککردنەوە ھەبووە، پاک کراونەتەوە و تەنھا کێشەی سەرما و دروستبوونی شەختە لە شەقامەکان ماوە، ئەویش ئەمڕۆ چارەسەر دەبێت و ھیچ کێشەیەک نامێنێت.

دەشڵێ، ئێستا ھاتوچۆ دەکرێت و ئەمڕۆش جارێکی دیکە جموجۆڵی بازرگانی لە سنووری حاجی ئۆمەران دەست پێدەکاتەوە، چونکە کێشەی گرتنی رێگاکان چارەسەر بووە و هاتوچۆکردنی شوفێرانیش لە ھەموو ناوچەکان ئاسایی بووەتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم  

 

هەواڵی پەیوەندیدار