٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بڵند ئیسماعیل: پارتی هەموو کاتێك قوربانی داوە بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە درێژەی وێبینارەکانی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بابەتێکی لەژێر ناونیشانی (دوایین پێشهاتەکانی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و بەرنامەی پارتیمان بۆ حکوومەتی داهاتووی عێراق) پێشکەش کرد.

بڵند ئیسماعیل، سەرەتا پوختەیەکی دەربارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ئەوەی کەوا عێراقی نوێ لەسەر بنەما و پرەنسیپەکانی (تەوازون، تەوافوق و شەراکەت) هاتە دامەزراندن، بەڵام هیچ کاتێك ئەو پرەنسیپانە جێبەجێ نەکراون، دواتریش دەستووری وڵات و هەموو ئەو بڕگانەی کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان، پێشێل کران.

گوتیشی، دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان گەیشتە لوتکە، کاتێك بودجەی هەرێمی کوردستان تاكلایەنانە بڕا و لە دوای سەرهەڵدانی داعش حکوومەتی عێراق هیچ جۆرە هاریکارییەکی پێشکەش بە هەرێم نەکرد، بگرە ڕێگەشی بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەدا هاریکارییەکانیان ڕاستەوخۆ بگەیەننە هەرێم. ئەمە جگە لە پەرەسەندنی نەزعەی نەتەوەیی و تایەفەگەری و بەکارهێنانی هەموو جۆرە ئامرازێك بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان.

بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی، هەروەها ڕوونی کردەوە، هەموو هەوڵەکانیان بۆ لاوازکردنی هەرێم و پارتی بە تایبەتیش لە دوای ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ شکستی هێنا، چونکە پارتی جارێکی تر متمانەی گەلی کوردستانی بەدەست هێنا و لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنێکی گەورەی مسۆگەر کرد و بوو بە پارتی ژمارە یەکی هەموو عێراق.

دەشڵێ، بارەگای بارزانی بووەتە مەرجەعی هەموو عێراقییەکان و شوێنی بڕیاردان لەسەر ڕاستکردنەوەی ئاراستەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق. هەموو لایەنەکان بە جیاوازیی بیر و بۆچوون و باکگڕاوەندەکانیان ڕوو لەوێ دەکەن بۆ وەرگرتنی پشتگیری جەنابی سەرۆك بارزانی و ئاراستەکردنیان بۆ چۆنیەتی دروستکردنی وڵاتێکی خاوەن سەروەری.

بڵند ئیسماعیل ئاماژەشی دا، هەر لە دوای هەڵبژاردنەکاندا پارتیمان دەستپێشخەریی کرد بۆ هەموو لایەنە کوردستانیەکان بۆ ئەوەی بە پڕۆژەیەکی هاوبەش بچنە بەغدا و بە یەك دەنگ بەرگری لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بکەن.

گوتیشی، سەرۆك بارزانی توانی ناوماڵی پێکهاتەی سوننەش ڕێکبخاتەوە و وا بکات بۆ یەکەمین جار ئەو پێکهاتەیە بە یەك دەنگ و یەكهەڵوێست بچنە بەغدا بۆ ئەوەی تەوازونێکی باش لە عێراق لە نێوان پێکهاتەکاندا دروست ببێت.

ئاماژەشی بەوەدا کە هەموو ئەو هۆکارانەی کە یەکێتی باسیان دەکات بۆ کشانەوەیان لە دانیشتنەکەی پەرلەمان، نامەنتیقین و  هەڵوێستەکەی یەکێتی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد ناکات.

جەختیشی کردەوە، ئێمە نەبووینەتە تەڕەف بۆ هیچ لایەنێکی شیعە، بەڵکو یەکێتییە بە چوونە پاڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، خۆی کردە تەڕەف لە لایەنێکی شیعە لە دژی لایەنەکەی تر.

گوتیشی، پارتی هەموو کاتێك قوربانی داوە بۆ پاراستنی یەکڕیزیی ناوماڵی کوردستان، ئەوەی لە دەستی هاتبێت کردوویەتی بۆ ئەوەی کورد یەکڕیز و یەكدەنگ بن.

لەبارەی پڕۆژەکەی پارتیش بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق، کە بووە دەقی ڕێککەوتنەکەی نێوان پارتی و ڕەوتی سەدر، بڵند ئیسماعیل گوتی، ئەو پڕۆژەیە ٢٠ خاڵ لەخۆ دەگرێت، لە نیێویشیاندا ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و بەشەبودجەی هەرێم و پرسی پێشمەرگە و پێگەی کورد لە بەغدا و شەراکەتی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵات.

دەشڵێ، بە پشتبەستن بەو ڕێککەوتنە، حکوومەتی داهاتوو دەبێت ئیش لەسەر هەموو ئەو پرسانە بکات بە مەبەستی چارەسەرکردنیان بە پێی دەستووری وڵات.

لە لایەکی ترەوە ئاماژەی بەوەدا کەوا ئاراستەیەك لە عێراق دروست بووە کە داوای ڕاگرتنی دژایەتیکردنی کوردستان دەکات، ئەوە داواکاری و ئاراستەی شەقامی عێراقیشە، چونکە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەدا، عێراقییەکان سزای هەموو ئەو لایەنانەیان دا کە بەشێك لە سیاسەتەکانیان دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان بوو.

سەبارەت بە پرسی کەرکوویش، بڵند ئیسماعیل ئاماژەی بەوە دا کەوا بۆچوونەکانی پارتی تەنها لەسەر پارێزگاری ئەو شارە نییە، بەڵکو ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شارەکە و ڕاگرتنی تەعریبە دژ بەو شارە. 

لەسەر بابەتی سەرۆكکۆماریش، گوتی کە پێویستە سەرۆککۆمار پارێزەری دەستوور بێت و ڕێگە نەدات زیان بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بگەیەندرێت، هەروەها کار بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم بکات. ناشبێت ئەو پۆستە بە هەرزان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە پۆستێکی گرینگە و پێویستە ئەو کەسەی پڕی دەکاتەوە، خۆی وەك بەرگریکار لە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان ببینێتەوە. ئاماژەشی بەوەدا کەوا مافی هیچ لایەنێکی سیاسی کوردستان نیە پۆستی سەرۆککۆمار بە موڵکی خۆی بزانێت. "ئەو پۆستە هی کوردە و دەبێ بە ڕێککەوتنی ناوماڵی کوردی سەرۆكکۆمار دەستنیشان بکرێت".

هەواڵی پەیوەندیدار