٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری تەندروستی: ئێستا سێ جۆر ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بەردەستن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا ملیۆن و 170 هەزار هاووڵاتی ڤاكسین كراون و پرۆسەكەش بەردەوامە.

لە ڕاگەیەنراوێكی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تا ئێستا، سێ‌ ملیۆن و 743 هەزار و 772 پشكنین كراوە، لەو ژمارەیە دەركەوتووە 389 هەزار هاووڵاتی تووش بوونە و 373 هەزار هاووڵاتی چاك بوونەتەوە.

بەگوتەی وەزیری تەندروستی، ئێستا هەشت هەزار و 776 تووشبوو لە نەخۆشخانەكان ماون، لە كۆی ژمارەی تووشبووانیش 46 هەزار و 878 نەخۆش لە نەخۆشخانە بوونە، هاوكات حەوت هەزار و 166 هاووڵاتی بەو ڤایرۆسە گیانی لە دەست داوە.

باسی لەوەش كردووە، ئێستا سێ جۆری ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەر و ڕێپێدراو بەردەستن، لەگەڵ ژەمی زیادەكی بەهێزكەری سێیەم بەپێی ڕێنوێنیی تایبەت دەدرێت.

وەزیری تەندروستی بڵاوی كردووەتەوە، لە هەرێمی كوردستان سێ‌ ملیۆن و 255 هەزار و 980 هاووڵاتی تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، هەروەها چوار ملیۆن و 366 هەزار هاووڵاتی سەرووی 12 ساڵن.

"180 سەنتەر و 45 تیمی گەڕۆكی ڤاكسین هەن، تا ئێستا دوو ملیۆن و 820 هەزار و 509 ژەمە ڤاكسین دابین كراوە، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 49 هەزار و 565 ژەم بەكار هاتووە، 770 هەزار و 944 ژەمی ڤاكسین بەردەستە، یەك ملیۆن و 170 هەزار هاووڵاتی ژەمی یەكەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە"، سامان بەرزنجی وادەڵێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای دروستكردنی ڤاكسین لەلایەن وڵاتانەوە، لە سەرەتاوە هەوڵی داوە ڤاكسین بۆ هاووڵاتییانی كوردستان بەردەست بكات تا زۆرترین هاووڵاتی ڤاكسین بكرێن.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار