"ئه‌و وه‌ره‌قه‌ی پارتی ئاماده‌ی كردبوو، وه‌رگیرا"

هەولێر-KDP.info- بۆ به‌شداریكردن له كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌تی عێراق و دانانی به‌رنامه‌یه‌ك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایه‌نه‌كانی عێراق له‌سه‌ر داخوازیی گه‌لی كوردستان و پۆسته‌كانی كورد له به‌غدا پارتی وه‌ك خۆی وه‌ره‌قه‌یه‌كی ئاماده كردبوو كه خاڵه‌كانی ئه‌و وه‌ره‌قه‌یه هه‌مان خاڵی وه‌ره‌قه‌ی هاوبه‌شی شاندی كوردستان بوو بۆ به‌غدا، به‌پێی قسه‌ی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه عێراقی و كوردستانییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا لایه‌نی پێكهێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی عێراق كه بریتین له سه‌درییه‌كان و سوننه‌كان به‌و وه‌ره‌قەیە به‌ڵێنیان داوه به پشتیوانیكردن و جێبه‌جێكردنی.
له سه‌ره‌تای گفتوگۆی لایه‌نه عێراقییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان لایه‌نه كوردستانییه‌كان، به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی ڕێك كه‌وتن كه له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان گفتوگۆ بكه‌ن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك وه‌ك وه‌ره‌قه‌یه‌كی هاوبه‌ش، جیا له‌وانه‌ش پارتی خۆی شاندی سیاسیی هه‌بوو لەگەڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان كه‌وته گفتوگۆ و پارتی وه‌ك خۆی له كاتی گفتوگۆكاندا وه‌ره‌قه‌یه‌كی هه‌بوو كه داواكاریی گه‌لی كوردستانی تێدا بوو و خاڵه‌كانی ئه‌و وه‌ره‌قەیە هه‌مان خاڵی هاوبه‌ش بوو له‌گه‌ڵ وه‌ره‌قه‌ی گشتی كه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئاماده‌یان كردبوو، ناوه‌رۆكی ئه‌و وه‌ره‌قه لای سه‌رۆكی شاندی دانوسانكاری پارتییه كه به‌ڕێز هۆشیار زێبارییه، به‌ڵام له درێژه‌ی ئه‌م ڕاپۆرته‌دا به‌شێك له گرنگترین خاڵه‌كانی ده‌خرێته ڕوو، ئێستا پێكهاته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی عێراق بریتییه له سه‌ردییه‌كان و پارتی و سوننه‌كان، بڕیاره ده‌رگای گفتوگۆ به كراوه‌یی بمێنێته‌وه له نێوان لایه‌نه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی زیاتر به یه‌كتری بدرێت تا به‌شداری له كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌تی عێراق بكه‌ن.
ئه‌مڕۆش هادی عامری، یه‌كێك له پێكهێنه‌ره‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه كه چوارچێوه‌یه‌كه پێك دێت له (ده‌وڵه‌تی یاسا و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی و ڕێكخراوی به‌در) سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و بڕیاره له‌سه‌ر گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی كوردستان، به‌تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان قسه بكات، جگه له به‌ره‌ی ئێستای په‌رله‌مان هیچ لایه‌نێكی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی لاریی نییه له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ره‌قه‌ی كه پارتی، یان نوێنه‌رایه‌تیی كورد داویانه به به‌غدا، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له نێوان ئه‌و لایه‌نانه ده‌ست پێ بكاته‌وه كه چوونه ده‌ره‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان، چونكه ڕاسته سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان یه‌كلا بووه‌ته‌وه به‌ڵام هێشتا پرسی سه‌رۆككۆمار ماوه و پرسی سه‌رۆكوه‌زیران و پێكهاته‌ی حكوومه‌تیش ماوه، لێره‌دا ئه‌وه‌ی گرنگ بوو پارتی توانیی سه‌ركه‌وتووانه له گفتوگۆكاندا داواكاریی كورد بچه‌سپێنێت.
عه‌لی حوسێن، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه عێراقی و نیشتمانییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئێمه له 2003ـوە تا هه‌ڵبژاردنی دوایی، هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌مان تاقی كرده‌وه و ڕێككه‌وتنمان لەگەڵ كردوون، كه‌چی پابه‌ند نه‌بوون به ڕێككه‌وتنه‌وه، له حكوومه‌ت به شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌یان كردووه له دەرەوە به شێوه‌یه‌كی دیكه و به هێزی میلیشیا و به جۆرێكی دیكه مامه‌ڵه‌یان كردووه، كوردستان و سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان ماندوو بووه، له‌به‌ر ئەوه ئێمه به‌رژه‌وه‌ندیی خۆمان ده‌وێت و ئه‌م ئه‌زموونه ناكه‌ینه قوربانیی هیچ لایه‌نێك، حه‌ز ده‌كه‌ین هه‌موویان به یه‌كه‌وه بن، به‌ڵام ناكرێت خۆمان بكه‌ینه قوربانی. ئێمه به‌رپرسیارێتیمان هه‌یه و خه‌ڵك متمانه‌ی پێ داوین و گرفتی زۆرمان له ناوخۆدا هه‌یه، بۆیه ئێمه‌ش بیر له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆمان ده‌كه‌ینه‌وه و ده‌بێ له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێككه‌وتن بكه‌ین، تا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه هه‌بێت.
گوتیشی: پیش هه‌ڵبژاردن وه‌ره‌قه‌ی ئێمه پێشكه‌شی ئه‌وان كراوه و به شێوه‌یه‌كی ته‌واو ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دراوه، وه‌ره‌قه‌كه بریتییه له پرسی هه‌موو عێراق و به‌شێكیان په‌یوه‌ندیی به كوردستانه‌وه هه‌یه، وه‌ك پرسی بودجه و مادده‌ی 140 و پرسی پیشمه‌رگه و مه‌رج نییه هه‌موویان به‌م چوار ساڵه جێبه‌جێ بكرێن، ئێمه گرنگیمان به پرسی بودجه داوه كه ده‌بێت به پرسی سیاسییه‌وه نه‌به‌سترێته‌وه و پرسی ناوی پێشمه‌رگه و مافی پێشمه‌رگه كردوومانه به مه‌رجی پێشوه‌خته و هه‌موویان ڕازی بوون له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ره‌قه‌یه، خۆ ئه‌گه‌ر مه‌ترسی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و وه‌ره‌قه هه‌بوو، دواتر ئه‌گه‌ر پارتی له‌و هاوپه‌یمانیتیه بكشێته‌وه گرفت دروست ده‌بێت له پێكهاته‌ی حكوومه‌ت، بۆیه پارتی به به‌هێزییه‌وه ئه‌مه‌ی چه‌سپاندووه.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و وه‌ره‌قه‌یه هی پارتییه، یان هی پێكهاته سیاسییه‌كانی كوردستانه، عه‌لی حوسێن، ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: خۆی ئه‌و وه‌ره‌قەیە هه‌مان خاڵی ئه‌و شانده هاوبه‌شه‌ی پارتی و یه‌كێتیی تێدا بوو كه چوینه به‌غدا به یه‌كه‌وه هیچی جیاواز نییه، چ لایه‌نێك تێبینیمان له‌سه‌ر وه‌ره‌قی یه‌كتری نییه، جیا له‌وه‌ش، به‌شێك له وه‌ره‌قی ئێمه و یه‌كێتی ڕه‌نگدانه‌وه بووه له پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، واته گشتگیر بووه، بۆیه ڕه‌نگه گرفتی ئه‌وه‌مان نه‌بێت.
ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی گوتی: له سه‌ره‌تادا كه كه‌وتینه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان، نیه‌تی به‌شداریی خۆمان پێ گوتن و به‌شێك له‌و نیه‌تانه، یان ته‌واوی داواكاریی كورد كرایه وه‌ره‌قه‌یه‌ك و ئاراسته‌ی لایه‌نه عێراقییه‌كانمان كرد، ئه‌وانیش ئه‌و وه‌ره‌قه‌یان قبووڵ كردووه، ئه‌مه ده‌ستپێكی زۆر باشه بۆ داهاتووی هه‌ردوولا، بۆیه ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك به‌دوای خاڵی هاوبه‌شدا بگه‌ڕێین.''
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌رۆكی ئه‌و وه‌ره‌قەیە چی تێدایه، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه ئه‌و وه‌ره‌قەیە گشتگیره و په‌یوه‌ندیی به هه‌موو كوردستانه‌وه هه‌یه و ناوه‌رۆكی وه‌ره‌قه‌كه‌ش لای كاك هۆشیار زێبارییه.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایا ئه‌م وه‌ره‌قانه كه‌ی ده‌چنه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، عه‌لی حوسێن بۆ ماڵپەڕی فه‌رمی زیاتر قسه ده‌كات و ده‌ڵێت: جارێ كات ماوه، ئه‌م هه‌نگاوانه به ساڵێك و دوو ساڵ جێبه‌جێ ناكرێن، به‌شێكیان درێژخایه‌نن و ده‌بێت كات به یه‌كتری بده‌ین، به‌ڵام له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه كه بۆخۆمان بێ‌گرفت نین له ناوخۆی كوردستاندا، به‌ڵام ده‌بێت له ئاستی به‌رپرسیاریه‌تیی قۆناغه‌كه بین و ده‌بێت به یه‌كه‌وه قۆناغه‌كه تیپەڕێنین و گرفتی ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌گه‌ڵ لایه‌نێك نییه و گرفتی هه‌موو كورده و ده‌بێت له‌سه‌ری ڕاوه‌ستین.
به‌پێی زانیاریی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شێك له داواكاریی پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا ستراتیژین كه په‌یوه‌ندیی به ئاسایشی ناوچه‌كه‌وه هه‌یه و ئه‌گه‌ر بێت و گرفت له ناوچه‌كانی عێراق هه‌بێت، هه‌رێمی كوردستانیش بێبه‌ش نابێت له‌و هه‌ڕه‌شانه، جیا له‌وه‌ش، ئاسایشی سنووره‌كان و پرسی چاره‌سه‌ری هێزی پێشمه‌رگه داواكاریی دیكه‌ن و ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه بیروڕای پارتی وایه كه ناكرێت پرسی بودجه و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بكرێته چه‌كێكی سیاسی و وه‌ك كارتی فشار به‌كار بهێنرێت، به‌شێكی دیكه‌ی داواكاریی كورد له به‌غدا په‌یوه‌ندیی به پرسی لێکگه‌یشتنی سیاسییه‌وه هه‌یه كه ناكرێت لایه‌نه‌كان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ بڕیاری سه‌ركردایه‌تیی یه‌كتری ئه‌و لێکگه‌یشتنه تێك بده‌ن كه پێش هه‌ر ڕێككه‌وتنێك گرنگه پارێزگاری له‌و لێکگه‌یشتنانه بكرێت.
كارزان سه‌باح هه‌ورامی




