"شنگال ترس لە ھەموو شتێک"
_(10)__2022_01_17_h16m19s47__ER.jpg)
شنگال -KDP.info- ئێستا شنگال بووەتە شوێنێکی مەترسیداری عێراق و ناوچەکە و بەهۆی هەبوونی زۆر هێز و گرووپ و میلیشاوە، شەڕی بەوەکالەتی وڵاتان لەو شارەدا دەکرێت و چەندین جارە شەڕ و ناکۆکی و ململانێی توند دەکەوێتە نێوان هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی پەکەکە، بەڵام لە شەڕەکەشدا شنگالییەکان قوربانیی سەرەکین.
چەندین جارە شنگالییەکان داوا دەکەن ئەو هێزانەی نایاسایین لە شارەکەدا نەمێنن و داوای ئەوەش دەکەن کە دەبێت شنگال بۆ شنگالییەکان بێت و ناکرێت شارەکەیان ببێتە قوربانیی تەسفییەی حساباتی هێزە دەرەکییەکان، بەڵام ئەو هێزانە حساب بۆ ڕای شنگالییەکان ناکەن.
پێش چەند ڕۆژێک هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پەکەکە لە دژی یەک وەستانەوە، هەرچەندە ئەو هێزانەی پەکەکە چەک و پارە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی وەردەگرن، لەو بارەیەشەوە، ئیدریس زۆزانی، کارگێڕی لقی پارتی لە شنگال دەڵێت: پەکەکە هۆکاری هەموو شتێکی خراپی شنگالە و هەر کەس لەگەڵ بیروبۆچۆنیدا نەبێت، دەکوژرێت و، ئەوان هۆکاری خراپیی ڕەوشی شنگالن و حکوومەتی عێراقیش توانای دەرکردنیانی نییە.
شارەزایانی سەربازی دەڵێن، ئەوەی ئێستا لە شنگال دەگوزەرێت، بووەتە شوێنیکی مەترسیداری ناوچەکە و پلانی وڵاتان لە شارەکەدا جێبەجێ دەکرێت و وڵاتان دەیانەوێت لەڕێگەیی نەخشەی سیاسیی شنگالەوە پێگە و نفووزی خۆیان بەهێز بکەن.
ئیدریس زۆزانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پەکەکە دەیەوێت شنگال بکاتە قەندیلی دووەم و بەردەوام لە دژی کادیر و لایەنگرانی پارتیمان دەوەستێت، بۆیە دەبێت کۆتایی بەو عەسکەرتارییەتەی پەکەکە بهێندرێت.''
دەشڵێت: ''شنگالییەکان هەڵوێستی خۆیان بە دونیا گەیاند کە نایانەوێت پەکەکە لە شنگالدا بمێنێت، چونکە لە هەڵبژاردنە شەرعییەکاندا دەنگیان بە کاندیدیان نەدا و نیشانیان دا کە لەگەڵ گەڕانەوەی پارتی و پێشمەرگەن بۆ شنگال.''
ئێستا شنگال لە شار ناچێت، بگرە لە شوێنێکی خراپ و وێرانی جەنگ دەچێت، چونکە پەکەکە هیچ ستراتیژییەکی بۆ شنگالییەکان نییە، نە ئاگای لە ئاوەدانکردنی شنگالە و نە ئاگایشی لە خزمەتگوزارییەکانە، تەنیا دەیەوێت پلانەکانی تێدا جێبەجێ بکات و بەو هۆیەشەوە بەردەوام فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شارەکە بۆردوومان دەکەن.
ئێستا شنگالییەکان لە کەمپی سەردەشت لە چیای شنگال ماون و نایانەوێت بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی پەکەکە و حەشد و گرووپەکانی دیکە و چەندین ساڵە شنگالییەکان ژیانی کەمپەکانیان هەڵبژاردووە، بەڵام ئامادە نین بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپ و میلیشیایانە.
کــاروان بـــاعەدری




