٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەڵەبجە.. 36 جۆر ناوچەی گەشتیاری هەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە -KDP.info- لە پارێزگای هەڵەبجە 36 جۆری گەشتیاری هەیە و لە هەرچوار وەرزی هاوین و زستان و پایز و بەهاردا دەتوانن گەشتیارێكی زۆر ڕابكێشنە پارێزگاكە و، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری پارێزگاكە پڕۆژەیەكی تایبەتی هەیە و دەڵێن، بۆ ئەمساڵ 30% دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەبێت لە ناوچە گەشتیارییەكان دابمەزرێندرێن.

غەریب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیەك لە پارێزگای هەڵەبجە ڕادەگەیەنین بۆ دامەزراندنی 30% دەرچووانی بەشی گەشتوگوزار، لە كۆمپانیا و نووسینگە و ڕیستۆرانتەكان و تەواوی شوێنە گەشتیارییەكان".

غەریب ئەحمەد گوتیشی: "مەرجە لەسەر شوێنە گەشتیارییەكان دەبێت 30% كارمەندەكانیان لە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگانی بەشی گەشتوگوزار بێت، بە شێوەی ئەلیكترۆنی ناوی تەواوی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان تۆمار دەكەین بۆ ماوەی یەك هەفتە پاشان دەورەیەكی دەكرێتەوە و تاقیكردنەوەیان پێ دەكرێت، لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی گەشتوگوزاری ڕێنمایی و مەرجەكانی دامەزراندن بۆ دەرچووانی بەشی گەشتوگوزار دەدرێتە شوێنە گەشتیارییەكان و دەبێت بڕیارەكە وەك خۆی جێبەجێ بكەن".

ئاماژەی بەوەش دا؛ ''لە چوارچێوەی پڕۆژەكەماندا تەنها دەرچووانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەتوانن فۆڕم پڕ بكەنەوە و لە خولەكەدا گرنگی دەدرێت بە چۆنیەتیی پێشوازیكردن لە گەشتیاران و میوانان و ئەتەكێتی ئەو كەسانەی لە ڕیستۆرانت و ناوچە گەشتیارییەكان كار دەكەن و ئەوەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ گەشتیاراندا بكەن".

گوتیشی: ئەو باران و بەفرە زۆر باشە و ناوچە گەشتیارییەكان بووژاونەتەوە، بڕوامان وایە گەشتیارێكی زۆری زستانە ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەكانمان دەكەن، تەواوی ئەو كانیاو و تاڤگانەی بەهۆی وشكەساڵیی ساڵی ڕابردووەوە ئاوەكەیان كەمی كردبوو، یان وشك بووبوون، بووژاونەتەوە و ئاو بە ڕێژەیەكی زۆر زیادی كردووە".

 

عەزیز ڕەسووڵ


 

هەواڵی پەیوەندیدار