وەزیری کشتوکاڵ: دەست بە ھەنگاوەکانی گرینگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ کراوە

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر کۆڕبەندێک لەبارەی ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەرتی کشتوکاڵ بەڕێوە چوو و تێیدا وەزیری کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، دەست بە ھەنگاوە سەرەکییەکانی گەشەکردنی کەرتی کشتوکاڵ کراوە.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ لە گوتەیەکدا تیشکی خستە سەر پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کەرتی کشتوکاڵ و ڕایگەیاند: "کەرتی کشتوکاڵ ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیانی ھەموو تاکەکان ھەیە، ڕاستە پێشتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەدەستھێنانی داھات پشتی بە کەرتی نەوت بەستبوو، بەڵام کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت سەرچاوەی داھاتەکان فرەچەشن بکات و لەو بارەیەوە وەزارەتی کشتوکاڵ تواناکانی کۆ کردووەتەوە بۆ ئەوەی گەشە بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت.''
وەزیری کشتوکاڵ دەشڵێت: "دەست بە ھەنگاوە سەرەکییەکان کراوە بۆ گرینگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و پێویستمان بە ھەماھەنگیی ھەموو وەزارەتەکان و کەرتی تایبەت و توانای جووتیاران ھەیە بۆ جێبەجێکردنی پلانی کشتوکاڵ، تا سیاسەتێکی دروست و تەندروست بۆ کەرتی کشتوکاڵ جێبەجێ بکرێت لە داھاتوودا.''
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانیش ڕوونی کردەوە: "دەستەی وەبەرھێنان تا ئێستا مۆڵەتی بە ژمارەیەکی بەرچاوی پڕۆژەی کشتوکاڵی داوە و بەردەوامیش دەبێت لەسەر سیاسەتی بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ لە ڕێگەی کەرتی تایبەت و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لەلایەن وەبەرھێنەرانەوە.''
حسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مەبەست لە بەڕێوەبردنی کۆڕبەندەکە بۆ ھەڵسەنگاندنی پلانەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لە کەرتی کشتوکاڵ و لە کۆڕبەندی ئەمڕۆدا چەندین پانێڵ پێشکەش کران و سوود لە تێبینیی پسپۆڕان و ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە وەردەگرین، ھەروەھا لەمەودوا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی ھەیە بۆ زیاتر گرنیگدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بووژانەوە کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان.''
قائید میرۆ




