٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی چۆمان: بەھۆی بەفرەوە جووڵەی بازرگانی لە حاجی ئومەران ڕاگیراوە

سەرچاوە: KDP.info

چۆمان -KDP.info- بەھۆی شەپۆلی دوو ڕۆژی ڕابردووی بارینی بەفر لە ھەرێمی کوردستان بەشێک لە ڕێگاکان داخراون و قایمقامی قەزای چۆمانیش دەڵێت، زۆرترین بەفر لە حاجی ئومەران باریوە و گەیشتووەتە ٨٥ سم و بەو ھۆیەوە جووڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران ڕاگیراوە.

سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای چۆمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەھۆی ئەو شەپۆلی بەفرەوە بەشێک لە ڕێگاکانی سنووری قەزای چۆمان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داخراون، بەڵام تیمەکانی حکوومەت توانیویانە بەشێکی زۆری ڕێگاکان بکەنەوە لە سنوری چۆمان، تەنیا ڕێگای زینی وەرتێ تا ئێستا نەکراوەتەوە، تیمەکانی ڕامالینی بەفر لە ھەوڵدان ئەمڕۆ ڕێگای زینی وەرتێش بکەنەوە، کە ھەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاپەڕین بە یەکەوە دەبەستێتەوە.''

قایمقامی چۆمان گوتیشی: "جووڵەی بازرگانی و ھاتوچۆ لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەھۆی بەفرەوە ڕاگیراوە، ھەرچەندە لە سنووری ھەرێمی کوردستان ڕێگا کراوەتەوە بۆ حاجی ئومەران، بەڵام حکوومەتی ئێران تا ئێستا ڕێگای نەکردووەتەوە لە دیوی سنووری شارۆچکەی خانێ.''

سوارە ئەکرەم ڕوونی کردەوە: "سەرەڕای پاککردنەوەی ڕێگای نێوان سەنتەری چۆمان و ناحیەی حاجی ئومەران، ھێشتا ھاتوچۆ تێیدا سەختە و ئەگەر بۆ کاری پێویست نەبێت داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین ڕێگا سەختەکان بەکار نەھێنن، تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر ٢٤ کاتژمێر لە کاردان بۆ کردنەوەی ڕێگاکان، لێ بەھۆی زۆریی بەفربارینەوە ڕێگاکان دادەخرێنەوە.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار