٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاخەوان عەبدوڵڵا: کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستووریانە دەکەین کە پێشێل کراون

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە عێراق زیاتر لە ٥٥ مادەی دەستووری پێشێل کراون و دەشڵێ: "لەم خولەی پەرلەماندا کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکەین، چونکە ئەو ماددانە جێبەجێ بکرێن، ھەموو کێشەکانی عێراق چارەسەر دەبن و پایەکانی فیدراڵیەت و شەراکەتیش بەھێزتر دەبن".

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بە گشتی زیاد لە ٥٥ ماددەی دەستووری پێشێل کراون و داوا دەکەین وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن و داوای ھیچی دیکەمان نەکردووە، کە بە جێبەجێکردنیان زۆرینەی کێشەکانی عێراق چارەسەر دەکرێن و پایەکانی فیدراڵیەت و شەراکەت لە عێراق بەھێزتر دەبن، هەروەها بابەتی تائیفی و شۆڤێنیش کاڵ دەبێتەوە و جگە لەوەش کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددانە دەکەین، کە پێگەکانی فیدراڵی بەھێزتر دەکات لە عێراق، وەکو ماددەکانی ١٠٥ و ١٠٦ کە تایبەتن بە دابەشکردنی داھات و ماددەی ١٤٠ و ماددەکانی دیکەی تایبەت بە نوێنەرایەتیکردنی ھەرێم لە دامودەزگاکان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان بەپێی دەستووری عێراق، ئەمەش ھەموو تەنھا بۆ کورد نییە و بۆ ھەموو عێراقە و دەبێتە مایەی خێر و بەرەکەت".

ناوبراو ئاماژەشی دا: "ئێمە لەوێین بۆ ئەوەی چیتر ناعەدالەتی نەمێنێت و دەست بە قۆناغێکی نوێ بکەین و ھەموو لایەنەکان لە ناخۆشیەکان شەریک بین و خەمی کوردستان پێویستە خەمی ئەوان بێت و خەمی باشوور و ناوەڕاستیش خەمی ئێمە بێت، تا دواجار بتوانین تەواوی قەیرانەکان تێپەڕێنین".

عەبدوڵڵا گوتیشی: "رێککەوتنێکمان لەسەر کۆی پرسەکان کردووە و ئومێد دەکەین ئەو رێککەوتنە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی کێشەکان قوڵتر نەبنەوە و دوافرسەتە پێکەوە ئایندەیەکی گەش بنیات بنێین، کە رێککەوتنی ئەوجارە جیاوازییەکەی ئەوەیە لەگەڵ ئەوانەی پێشوو، چەندین ساڵە ئێمە ھاوکارییان دەکەین و لەگەڵ ئەوانداین و وەڵامی ئەوانیش بۆ ئێمە بڕینی بودجە و ھێرشی سەربازی بووە، بۆیە ئەم جارەش ئەمانە تاقی دەکەینەوە بزانین ئەوان چۆن دەبن".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار