٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شەشۆ: لە شنگال ئاڵۆزی کەوتووەتە نێوان پەکەکە و ھێزە عێراقییەکانەوە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال -KDP.info- ماوەی سێ ڕۆژە ھێزێکی زۆری عێراقی لە شنگال جێگیر کراون و خراونەتە ئامادەباشییەوە و فەرماندەیەکی پێشمەرگەی شنگالیش دەڵێت، کێشە کەوتووەتە نێوان پەکەکە و ھێزە عێراقییەکانەوە و مەترسی لەسەر شنگال ھەیە.

قاسم شەشۆ، فەرماندەی پێشمەرگەی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی چەند ڕۆژێکە ئاڵۆزی لە سنووری قەزای شنگال پەیدا بووە و ھۆکاری ئاڵۆزییەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەکەکە دەیەوێت دەسەڵاتی شنگالی بەدەستەوە بێت و ھەموو شتێک ھەر خۆی بێت، ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی کێشە لە نێوان حکوومەتی عێراق و پەکەکەدا دروست ببێت، حکوومەتی عێراقیش ھێزێکی زۆری ھێناوەتە شنگال.''

فەرماندە ئێزدییەکەی شنگال دەڵێت: "ئەو ھێزانەی لە شنگال جێگیر کراون، ھێزی نوێی عێراقین و جگە لە سەنتەری قەزای شنگال، لە زۆربەی ناحیە و کۆمەڵگاکانی شنگال بڵاوەیان پێ کراوە و خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ ھەر ئەگەرێک.''

قاسم شەشۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ڕەوشی شنگال خۆی ئاڵۆزە، پەکەکەش ئاڵۆزتری کردووە بەوەی کە دەیەوێت کێشە بنێتەوە لەنێو شنگالدا، ئەگەر ڕەوشەکە چارەسەر و کۆنتڕۆڵ نەکرێت، بێ گومان دەگاتە ئاستی پێکدادان لە نێوان ئەو ھێزانەی سەر بە پەکەکەن لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار