٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پلەی وەجبەی دووەمی هێزەکانی پێشمەرگە بەرز کرایەوە و ئەم مانگە مووچەیان بۆ دەبەسترێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  سکرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پلەی پێنج ھەزار و ٧٨٧ پلەدار و پێشمەرگە بەرز کرایەوە و بڕیارە وەجبەیەکی دیکەش لە ئەنجومەنی وەزیران بگەڕێتەوە و ئەوانەی ناویان گەڕاوەتەوە، ئەم مانگە بەپێی پلەی تازە مووچەیان بۆ دەبەسترێت.

میران بەکر، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پاڵپشت بە ماددەی چواردەی سیستەمی ژمارە شەشی ساڵی ٢٠١١ پەیڕەوی ئیلزامی ڕاژە و خانەنشینیی پێشمەرگە، تایبەت بە یاسای ژمارە ٣٨ی ساڵی ٢٠٠٧ و ئاماژە بە فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوبەرایەتیی ئیدارەی گشتی ژمارە ٦٠٣٣ لە ٤/١٢/٢٠١١ تایبەت بە ڕێنماییی پلەبەرزکردنەوەی کارمەندان بڕیار درا کە پلەی پێنج هەزار و ٧٨٧ پلەدار و پێشمەرگە کە سەر بە دیوانی وەزارەت و لیواکانن بەرز بکرێتەوە.''

میران بەکر گوتیشی: ''پێشتر وەجبەیەکی دیکە پلەیان بەرز کرایەوە کە زیاتر لە چوار ھەزار کەس بوون و مووچەشیان بۆ بەسترا و ئەمە دووەم وەجبەیە پلەیان بەرز دەکرێتەوە و ئەم مانگەش بەپێی پلە مووچەیان بۆ دەبەسترێت.''

گوتیشی: ''ئەوەی گەڕاونەتەوە پلەدار و پێشمەرگەن و ھی ئەفسەرانیش لە ئەنجومەنی وەزیرانە کە ئەوانیش ژمارەیان زۆرە و چاوەڕێ دەکەین ناوی ئەوانیش بگەڕێتەوە و پلەیان بەرز بکرێتەوە.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار