٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری دەرەوەی لیتوانیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، گابریلیوس لاندسبێرگیس، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦/١/٢٠٢٢، ستایشی عێراقی کرد کە گەشتەکانی بۆ بیلاڕووس ڕاگرتووە، بڕیاریشە سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات.

لاندسبێرگیس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ فواد حوسێن، هاوتا عێراقییەکەی لە بەغدا ڕایگەیاند، هیوادارە هەماهەنگی لە نێوان لیتوانیا و عێراق هەبێت بۆ دۆزینەوەی چارەیەک بۆ تراژیدیای کۆچکردن، بە بەهێزکردنی متمانە لە نێوان هەردوو وڵات.

ئاماژەی بەوەش دا کە عێراق یەکەم وڵات بووە گەشتی ئاسمانیی بۆ بیلاڕووس ڕاگرتووە و عێراقیشی بە مۆدێلێکی نایاب بۆ مامەڵەکردن و دروستکردنی متمانە وێنا کرد.

فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند، بەردەوامن لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات و، سوپاسی وەزیری دەرەوەی لیتوانییشی کرد کە ڕۆڵی گەورەی لە یارمەتیدانی عێراق لە بوارە جیا جیاکاندا هەبووە.

ئەوەشی خستە ڕوو، هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ لابردنی عێراق لە لیستی وڵاتە پڕ مەترسییەکان، ئەوەش لە بابەتی تیرۆر و پارەشوشتنەوەدا، هاوکات ناوی عێراق لەو لیستەشدا سڕاوەتەوە، ئەوەشی بە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیی عێراق وێنا کرد.

لەسەر بەرنامەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕوونی کردەوە، بەرنامەکەی چڕوپڕە و لە بەغدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران کۆ دەبێتەوە و، سەردانی هەولێریش دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسان و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار