ئەحمەد کانی: پارتی پێی خۆشە لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کۆ ببێتەوە
_(10)__2022_01_16_h16m22s29__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی پێی وایە پارتی ھۆکار نییە لەو ناتێگەیشتنەی ھەیە و دەشڵێت، پارتی پۆستی سەرۆککۆمار بە مافی خۆی دەزانێت و ئێستا کار بۆ یەکڕیزیی کورد لە بەغدا دەکەین.
ئەحمەد کانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک پارتی ھیچ کێشەیەکمان نییە و ھەموو ھەوڵێکیشمان بۆ ئەوەیە کورد بە یەکڕیزی بچێتە بەغدا، دڵنیام لەوەی پارتی پێی خۆشە لەگەڵ یەکێتی کۆ ببێتەوە، پارتی دەیەوێت لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کۆ ببێتەوە، بەتایبەتی یەکێتی، تا لە بەغدا بە یەک بەرنامە کار بکەین، ئەویش لەپێناو یەکڕیزیی کوردە لە بەغدا و پارتی بەرپرس نییە لەو ناتێگەیشتنەی پەیدا بووە.''
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "ھەڵوێستی پارتی دیارە و پارتی ھۆکار نییە لەو ڕەوشەی ڕۆژانی ڕابردوو لە بەغدا ڕووی دا، چونکە دەبێت لە برادەرانی یەکێتی بپرسین لەسەر چ بنەمایەک ئەوان سەرۆککۆمار دەستنیشان بکەن، یان بەربژێری یەکێتی بێت.''
ئەحمەد کانی ڕوونی کردەوە: "ئێمە وەک پارتی براوەی یەکەمی ھەڵبژادنین لەنێو کورددا و ھیچ بەندێک نییە بۆ ئەوەی دیار بکات کە تاھەتایە سەرۆککۆمار لای یەکێتیی نیشتمانی بێت، پارتییش بە مافی خۆی دەزانێت و بە مافی خۆیشمانی دەزانین کە نوێنەرمان ھەبێت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.''
قائید میرۆ




