سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵیۆزى به‌ریتانیا دۆخى عیراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

ھەولێر-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2022/1/16 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز مارك برایسۆن ریچاردسۆن باڵیۆزى به‌ریتانیا له عیراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسى، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى عیراق، گفتوگۆى لایه‌نه‌كان بۆ هه‌نگاوه‌كانى داهاتووى پرۆسه‌ى سیاسى و هه‌ڵبژاردنى سه‌ركۆمار و پێكهێنانى حكوومه‌ت، په‌یوه‌ندیه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له گرنگى و پێویستیى سه‌قامگیریى سیاسى له عیراق و هه‌بوونى متمانه و تێگه‌یشتنى هاوبه‌شیی لایه‌ن و پێكهاته‌كان بۆ به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى سیاسى و ئێستا و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ وڵات كرده‌وه.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى یه‌كهه‌ڵوێستى و یه‌كڕیزیى لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له به‌غدا و هیوایان خواست گفتوگۆ و هه‌وڵى هێزه سیاسییه‌كان و لێكگه‌یشتنى هاوبه‌ش و سه‌قامگیریى سیاسى له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت، باسیان له‌وه‌ش كرد كه دۆستانى عیراق به بایه‌خه‌وه له گفتوگۆى لایه‌نه عیراقییه‌كان ده‌ڕوانن.
به‌ڕێز باڵیۆزى به‌ریتانیا له عیراق پابه‌ندیى وڵاته‌كه‌ى به به‌رده‌وامیى كاركردن له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه و سوپاسى ڕۆڵى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له پرۆسه‌ى چاكسازیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا كرد و به‌رده‌وامیى پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه ده‌ربڕى.
پێشهاته ئه‌منییه‌كانى ئه‌م دواییه و به‌ئامانجگرتنى باره‌گاى نێرده دیپلۆماسییه‌كان و باره‌گاى لایه‌نه سیاسییه‌كان له به‌غدا، دۆخى په‌تاى كۆڤید_19، پرسى كۆچ و دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو كه تیایدا به‌ڕێزان و كونسولى گشتى و ڕاوێژكارى به‌رگرى له كونسولخانه‌ى گشتیى به‌ریتانیا له هه‌ولێر ئاماده بوون.




