"ئەمساڵ پلان ھەیە ٣٠٠ پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ جێبەجێ بکرێن"

هەولیر -KDP.info- بڕیارە ئەمساڵ ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی ئاو لە ھەرێمی کوردستان بخرێنە بواری جێبەجێکرن و بەڕێوەبەری گشتیی ئاویش دەڵێت، بەشێک لەو پڕۆژانە ستراتیژین و کێشەی کەمئاوی چارەسەر دەکەن.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەت ئامادەکاری بۆ پڕۆژەکانی ئەمساڵ دەکات و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاویش خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەکانە لەسەر ئاستی جیاواز و پڕۆژەکانیش پێک دێن لە پڕۆژەی ستراتیژی و پڕۆژەی مامناوەند و بچووک، ھەموو پڕۆژەکان لەسەر ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دابەش کراون و ژمارەیان ٣٠٠ پڕۆژە دەبێت.''
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ گوتیشی: "پڕۆژەکانی ئەمساڵ ھەموو بوارەکانی ئاو و ئاوەڕۆی لەخۆ گرتووە و بەشێک لەو پڕۆژانەش ستراتیژین وەک چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە سەنتەری شار و شاروچکەکان، وەک پڕۆژەی چواری ئیفراز بۆ ھەولێر و دەوروبەری، ھەروەھا چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە قەزای چەمچەماڵ.''
ئاری ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "پڕۆژەی ئاوەڕۆش ئەمساڵ خراونەتە پلانی حکووومەت لەوانەش پڕۆژەی ئاوەڕۆی ھەولێر، ئەوانی دیکەش پڕۆژەی جۆراوجۆرن لە ڕاکێشانی تۆڕی ئاولێدانی بیر و نۆژەنکردنەوە و چەندین پڕۆژەی دیکەی بواری ئاو، ئەمانە ئەگەر بکەونە بواری جێبەجێکردن ئەوە بێگومان کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی کێشەی کەمئاوی دەبێت.''
قائید میرۆ




