"پارتی بارەگاکانی دەباتەوە شاری مووسڵ"

مووسڵ -KDP.info- بڕیارە دوای پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، پارتی بارەگاکانی لە مووسڵ بکاتەوە و بەرپرسی لقی پارتییش لە مووسڵ دەڵێت، گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی کاریگەریی لەسەر گەڕانەوەی خەڵکی شارەکە دەبێت.
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پێش پڕۆسەی ھەڵبژاردن پارتی بارەگای لیژنەی ناوچەی مووسڵی گواستەوە بۆ ناو شاری مووسڵ و ئێستا کار بۆ ئەوە دەکەین بارەگای لق و ھەموو بارەگاکانی دیکەی سەر بە حزب بگوازینەوە بۆ نێو شاری مووسڵ، چونکە لە دوای داگیرکاریی مووسڵ لەلایەن داعشەوە ئێمە بارەگامان لە نێو شاری مووسڵ نەماوە.''
بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "چاوەرێی پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەکەین و، دوای پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، بارەگای لق و ئۆرگانەکانی دیکە دەبەینە سەنتەری شاری مووسڵ.''
عەلی خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "گەڕانەوەی پارتی کاریگەریی لەسەر گەڕانەوەی خەڵکی شارەکە دەبێت، بەتایبەتی گەڕانەوەی کوردانی مووسڵ، چونکە بە گەڕانەوەی پارتی، خەڵکی زیاتر دڵنیا دەبێت لە ژیانی لەبەر ئەوەی پارتی لە دوای دامەزراندنییەوە پێگەیەکی بەھێزی لە مووسڵ ھەبووە.''
قائید میرۆ




