فراکسیۆنی پارتی: ده‌ستوور رێگاى داوه.. هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى دوو كورسیه‌كه‌مان

به‌غدا-KDP.info- سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له په‌رله‌مانى عێراق رایده‌گه‌یەنێت، له ماوه‌ى داهاتوودا به‌پێى رێكارى یاسایى، هه‌وڵى خۆیان ده‌ده‌ن و كار ده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى دوو كورسیى په‌رله‌مانى فراكسیۆنى پارتى له نه‌ینه‌وا و هه‌ولێر.
د. ڤیان سه‌برى، له لێدوانێكى تایبه‌تدا به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانى رایگه‌یاند: "دواى ئه‌وه‌ى دانیشتنى یه‌كه‌مى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ڕێوه چوو، ئێستا وه‌كو پارتى به‌پێى ده‌ستوور ده‌توانین تانه پێشكه‌ش بكه‌ین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى دوو كورسیى فراكسیۆنى پارتى له نه‌ینه‌وا و هه‌ولێر، بۆیه ئێستا كار ده‌كه‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و دوو كورسییه به شێوه‌یه‌كى یاسایى له دادگاى فیدڕاڵى، چونكه مافى خۆمانه و ده‌ستووریش رێگاى داوه كه رێكارى یاسایى بگرینه به‌ر".
سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌چوونى دانیشتنى داهاتووى په‌رله‌مانى عێراقیش، له دواى بڕیارى داگاى فیدڕاڵى بۆ ڕاگرتنى كاره‌كانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى به شێوه‌یه‌كى كاتى، سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان گوتى: "بڕیارى وه‌لائى دادگاى فیدڕاڵى كاتییه، تا یه‌كلاكردنه‌وه‌ى بڕیاره‌كه ئینجا دانیشتنى داهاتوو به‌ڕێوه ده‌چێت".
له هه‌ڵبژاردنى 10-10-2021ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، پارتى دیمو‌كراتى كوردستان توانى 33 كورسیی په‌رله‌مانى به‌ده‌ست بێنێت، به‌ڵام به بڕیارى ده‌سته‌ى دادوه‌رى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، 2 كورسى له پارێزگاى هه‌ولێر و نه‌ینه‌وا، كه‌م كرایه‌وه و كرایه 31 كورسى.
نه‌شوان به‌رزنجى




