حکوومه‌تى هه‌رێم بودجه بۆ به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان دابین ده‌کات

دەربەندیخان -KDP.info- دواى ته‌رخانکردنى بڕى پاره‌ى پێویست له‌لایه‌ن حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانەوە قۆناغى دووه‌مى چاکسازی و نوێکردنه‌وه‌ى به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان ده‌ستى پێ کردووه و بەڕێوەبەرى به‌نداوه‌که‌ش ده‌ڵێت، هه‌موو ئه‌و چاکسازییانه‌ى له قۆناغى یه‌که‌م بۆ به‌نداوەکە کراوه، ڕۆڵى زۆرباشى هه‌بووه بۆ سه‌رپێخستنه‌وه و چاکردنەوەى ئه‌و به‌شانه‌ى که به‌هۆى بوومه‌له‌رزه‌که‌ى چوار ساڵی ڕابردووەوە زیانیان به‌رکه‌وتووه.
ڕه‌حمان خانى، بەڕێوەبەرى به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "دواى ته‌واوکردنى قۆناغى یه‌که‌مى چاکسازى له به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان، ئێستا کاره‌کان بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه و سه‌رپێخستنه‌وه‌ى ئه‌و به‌ش و جێگایانه‌ى که به‌هۆى بوومه‌له‌رزه‌که‌ى چوار ساڵ پێشەوە زیان به‌ر به‌نداوه‌که که‌وت ده‌ستی پێ کردووه، خۆشبه‌ختانه ئێستا له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانه‌وه بڕى زیاتر له دوو ملیار دینارى بۆ ته‌رخان کراوه، قۆناغى دووه‌مى کاروباره‌کان زیاتر چاکسازیکردنه له ڕێگاى سه‌ره‌کیى به‌نداوه‌که و کنه و پشکینى بناغه‌ى به‌نداوه‌که‌یه که لەلایه‌ن کۆمپانیایەکى بیانییه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت".
گوتیشى: "قۆناغى دووه‌مى چاکسازى بۆ ته‌واوکرنى قۆناغى یه‌که‌مه و به‌دڵنیاییەوە ئه‌وه‌ى له قۆناغى یه‌که‌م کراوه، کاریگه‌ریى باشى هه‌بووه بۆ سه‌لامه‌تیى به‌نداوه‌که و توانیویه‌تى جێگه‌ى خۆى بگرێت".
ڕه‌حمان خانى ڕوونیشى کرده‌وه: "مێژووى دروستکردنى به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 60 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هه‌ربۆیه به‌نداوه‌که به‌رده‌وام پێوستى به نۆژه‌نکردنه‌وه و چاودێریکردن هه‌یه، به‌دڵنیاییەوە له دواى قۆناغى دووه‌مى چاکسازى به‌پێى پێویستیى به‌نداوه‌که، هه‌وڵەکان به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و کاته‌ى که دڵنیا ده‌بین هیچ مه‌ترسییه‌ک لەسه‌ر به‌نداوه‌که نییه.''
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د




