شوان کەلاری: لە ڕۆژانی داھاتوو لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق پێک دێن
_(10)__2022_01_12_h16m1s11__ER.jpg)
بەغدا -KDP.info- پەرلەمانی عێراق ئێستا کار لەسەر دوو بابەت دەکات، ئەوانیش وەرگرتنی کاندیدانی سەرۆککۆمار و پێکھێنانی لیژنەکانی پەرلەمانە و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێت، لە ڕۆژانی داھاتوودا لیژنەکانی پەرلەمان یەکلا دەکرێنەوە.
شوان کەلاری، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کراوەتەوە و لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا ھەرکەسێک مەرجەکانی تێدا بێت، دەتوانێت خۆی بپاڵێوێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، پەرلەمانی عێراقیش تا ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆبوونەوەکانی ڕاگرتووە.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "بەپێی دەستوور لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا کاندیدانی سەرۆککۆمار وەردەگیرێن لەلایەن پەرلەمانی عێراق و دواتر دەخرێنە پڕۆسەی دەنگدانەوە بۆ ئەوەی سەرۆککۆماری نوێ لەنێو ھۆڵی پەرلەمان دیاری بکرێت.''
کەلاری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بڕیارە لیژنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق دیاری بکرێن و، لە ڕۆژانی داھاتوودا کار بۆ پێکھێنانی لیژنەکانی پەرلەمان دەکرێت و ھێشتا فراکسیۆنەکان نەچوونەتە نێو وردەکارییەوە ھەتا بزانین لە خولی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراقدا چەند لیژنە بەر کورد دەکەون، بەڵام تا چەند ڕۆژی داھاتوو بابەتی پێکھێنانی لیژنەکان یەکلا دەکرێتەوە.''
قائید میرۆ




