وەزارەتی کشتوکاڵ کار بۆ ئەوە دەکات بەرھەمی ناوخۆیی ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پلانیان داناوە و کاری لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆیی لە بازاڕەکانی ھەرێم و عێراقدا ساخ بکەنەوە و لەگەڵ کۆمەڵێک وڵاتیش لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆییی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکەن.
حوسێن حەمە کەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمساڵ پلانمان داناوە بەرھەمی ناوخۆ زۆر زیاد بکرێت و بەرھەمەکان لە بازاڕی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و بازاڕەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق ساخ بکەینەوە و کاریش بۆ ئەوە دەکەین کە بەرھەمی ناوخۆ ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش کاری بەردەوام دەکەین.''
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''ھەوڵەکان بەردەوامن و کاری بۆ دەکەین لەگەڵ کۆمەڵێک وڵات کە دەیانەوێت بەرھەمی ئێمە وەربگرن و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین''.
حوسێن حەمە کەریم ڕوونیشی کردەوە: ''لەگەڵ کۆمپانیا ئیماراتییەکانیش لیژنەیەکی ھاوبەش دانراوە بۆ ئەوەی پێکەوە دانیشین و بزانین چۆن بتوانین ئەو ھەنگاوەی دەستمان پێ کردووە، جێبەجێی بکەین، مەرج نییە تەنھا ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بێت، بەڵکوو ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیاکانی ئیمارات بۆ ئەوەی لە بواری کشتوکاڵ کار بکەن و نوێنەریان ھاتووە بۆ ھەرێمی کوردستان و لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی کاری پێکەوەیی بکەین.''
بڵند ئیبراھیم




